پارتێکی راستڕەو زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی فینلاندی بەدەستهێنا

پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی توشی شکستهات
پیتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی راستڕەوی فینلەندی
پیتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی راستڕەوی فینلەندی

K24 - هەولێر:

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند، پارتی سۆسیال دیموکرات کە پارتی سانا مارینی سەرۆکوەزیرانە توشی شکستهات و پارتی راستڕەوی ناوەند زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە.

لەو بارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەنجامەکان، پارتی راستڕەوی ناوەند توانی لەکۆی 200 کورسی 48 کورسی بەدەستبهێنێت و بەسەر پارتی سۆسیال دیموکراتی دەسەڵاتدار سەرکەوێت کە توانی 43 کورسی بەدەستبهێنێت.

پارتی فینلەندیش توانی 46 کورسی بەدەستبهێنێت و پلەی دووەم لەسەر ئاستی زۆرترین کورسی بگرێت.

بەم پێیەش پارتەکەی سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند لەپاش چوار ساڵ لە پلەی یەکەمەوە دابەزییە پلەی سێیەم.

سەرۆکوەزیرانی فینلاند لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەمە رۆژێکی مێژوویە، لەبەرئەوەی هەمووان کارێکی گرنگیان ئەنجامدا، گوتیشی: لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو پارتە براوەکانی هەڵبژاردن دەکەم، پیرۆزە لە هاوپەیمانی نەتەوەیی، پیرۆزە لە پارتی فینلەندی. دیموکراسی قسەی خۆی کرد.

پیتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی راستڕەوی فینلەندیش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ فینلاندییەکان و پارتەکەیان، گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنە دەریخست فینلەندییەکان گۆڕانکارییان لە هەموو بوارەکاندا دەوێت.

سەرۆکی ئەو پارتە راستڕەوە خەجتی کردەوە لەوەی، لەمڕۆوە دەست بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەکات.

پیتێری ئۆرپۆ لەبارەی سەرکەوتنەکەیانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی، گوتی: ئێمە پارتی راستڕەومان نییە بەڵکو ئەوەی هەمانە فینلەندییە راستییەکان، من لەگەڵ فینلەندییە راستییەکان کار بۆ حکومەتی داهاتوو دەکەم. ئامادەم کار لەسەر دروستکردنی پرۆگرامێکی چاکسازیی بکەم.