وەزیری دەرەوەی پاکستان لەبارەی بوونی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل: نەمانبووە و نامانبێت

K24 - هەولێر:

پاکستان دەنگۆی دروستکردنی پـەیوەندیی دیپلۆماتی یان بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە و دەڵێت: پەیوەندی ئابووری و سیاسیمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە.

لە لێدوانێکدا بۆ كه‌ناڵی جیۆ نیوز، مومتاز زه‌هرا به‌لوچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سه‌باره‌ت به‌ بانگه‌شه‌كانی دامه‌زراندنی پەیوەندیی دیپلۆماتی یان بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل رایگه‌یاند: "هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتماندا رووینه‌داوه‌".

هاوكات لە راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئەو بانگه‌شانه‌ی باس لەوە دەکەن بازرگانیی له‌ نێوان پاکستان و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، پڕوپاگەندەیە و تیایدا هاتووه‌: "پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و بەنیازیش نین دەستی پێبکەین".

رۆژی 30ی ئازار لە راگه‌یه‌ندراوێكدا کۆمیتەی جووه‌كانی ئەمریکا بڵاویكرده‌وه‌، بازرگانی نێوان پاکستان و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و یەکەم کەشتی کە بەرهەمی خۆراکی لە پاکستانەوە باركردبوو، گەیشتووەتە ئیسرائیل و بارەکەی داگرتووه‌.