دارستانێکی کۆریای باشوور ئاگری گرت و تیمەکانیش خەریکی کۆنتڕۆڵکردنن

K24 - هەولێر

دارستانێکی نزیک شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور ئاگری گرت، تیمەکانیش خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەدەیان ماڵیش شوێناکانیان چۆڵکردووە.

بەرپرسانی شارەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوەداوە، رۆژی یەکشەممە، چیای ئینوانگ کە دانیشتوانی سیئۆلی پایتەخت زۆر سەردانی دەکەن، ئاگری گرتووە و دواتر لەگەڵ بایەکی بەهێز ئاگرەکە زیاتر بڵاوبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکە 120 ماڵ شوێنەکەیان چۆڵ کردووە، بەڵام بریندار و مردن لە رووداوەکەدا نەبووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئاگری سەرەکی کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێلیکۆپتەرەکان بەسەر شوێنەکەدا دەسووڕێنەوە.

ئاژانسی هەواڵی یۆناب، بڵاوی کردەوە، هەرکات ئاگرەکە تەواو کۆنتڕۆڵ کرا دەست دەکرێت بە لێکۆڵینەوە، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا، تووشی بایەکی بەهێز بوونەتەوە، ئەمەش کارەکەی ئەستەم کردووە،  بەپێی ئامارەکانی دەزگای دارستانەکانی کۆریای باشوور، ئاگرەکە زیانی بە زیاتر لە 60 ماڵ گەیاندووە و لانیکەم 236 کەسیش لە ناوچەی هۆنگسیۆنگ لە باشووری وڵاتەکە چۆڵکراون.