پرۆژەیاسایەکی ئیتاڵی: هەر کەس دەستەواژە ئینگلیزییەکان بەکاربهێنێت سزا دەدرێت

سڵاوکردن بە زمانی ئینگلیزی و ئیتاڵی
سڵاوکردن بە زمانی ئینگلیزی و ئیتاڵی

k24 - هەولێر:

لە ئیتاڵیا پرۆژە یاسایەک پێشنیاز کراوە، کە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو کەسانەی لە پەیوەندییە فەرمییەکانی دەزگا حکومی و تایبەتەکان دەستەواژەی زمانە بیانییەکان بەکاردەهێنن، دەبێت سزای دارایی بدرێن.

فابیۆ رامپێلی، ئەندام پەرلەمانێکی پارتەکەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە پرۆژەیاسایەک پێشنیازی سەپاندنی سزای دارایی (غەرامە)ـی تا 100 هەزار یۆرۆ دەکات بەسەر ئەو دەزگا حکومی و تایبەتانەی کە لەبری زمانی ئیتاڵی لە پەیوەندییە فەرمییەکاندا دەستەواژەی بیانی بە تایبەتی دەستەواژەکانی زمانی ئینگلیزی بەکاردەهێنن.

بڕی سزا داراییەکە لە پێنج هەزار یۆرۆوە (5435 دۆلار) دەستپێدەکات و دەگاتە 100 هەزار یۆرۆ کە دەکاتە 108 هەزار و 705 دۆلار.

مەبەست لە پرۆژەیاساکە پاراستنی زمانی ئیتاڵییە، کە تێیدا ئاماژە بەوەشدراوە بەکارهێنانی وشەی ئینگلیزی "لە زمانی ئیتاڵی کەم دەکات و سووکایەتی پێدەکات"، چونکە بەریتانیا چیتر بەشێک نییە لە یەکێتی ئەوروپا.

پرۆژەیاساکە کە هێشتا لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، داوا دەکات ئەو کەسەی لە پۆستی کارگێڕی گشتیدا دەستەبەکار دەبێت " لە نووسین و خوێندنەوەدا شارەزایی لە زمانی ئیتاڵیدا هەبێت".

لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە: بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە زاراوە باوەکانەوە نییە، بەڵکو بەکارهێنانی وشەی ئینگلیزی بە گشتی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە.