جووتیارانی ئاکرێ شێوازێکی نوێ بۆ ئاودێری بەکاردەهێنن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

بەهۆی وشکەساڵییەوە جووتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ لە سنووری دهۆک سیستەمێکی نوێی ئاودێری پەیڕەو دەکەن.

دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو، جووتیارنی دەشتی نافکورێ لە سنووری ئاکرێ بۆ چاندنی شەتڵ و درەختی میوەکان پشت بە سندوقی ئاوی دەبەستن کە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت، سوودەکانی ئەو جۆرە زۆرن و رێگەنادات لە وەرزی هاویندا شەتڵەکان لەناوبچن.

یاسر عەبدولقادر، جووتیارێکی سنووری قەزای ئاکرێیە و سندووقی ئاویی بۆ چاندنی شەتڵ و درەختەکانی بەکارهێناوە و دەڵێت: ئەو سندووقە ئاوییە بۆ ئەو شوێنانە بەکاردەهێندرێت کە بیری ئاویان لێ نەبێت یان زۆر بە زەحمەت ئاویان بگەیەندرێتێ.

هەندرێن سالار، یەکێکی دیکەیە لەو جووتیارانەی سندووقەکەی بەکارهێناوە و دەڵێت: لە ساڵانی رابردوو هەر شتلێکمان چاندبایە، بەهۆی بێ ئاوییەوە گەشەی نەدەکرد. ئەم ساڵ، ئەم سیستەمەمان بەکار‌هێناوە، چونکە پارێزگاری لە ئاو دەکات و ئاوێکی زۆر کەم بەکاردەهێنێت.

کاروان بامەرنی، شارەزای بواری کشتوکاڵە و دەڵێت: ئەم سیستەمە ئێستا لە 40 وڵات پەیرەو دەکرێت و زۆر سەرکەوتووە. درەختەکان لە تیشکی خۆر و گەرما و ساردی دەپارێـزێـت.