لەبارەی گۆڕینى تابلۆى شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ زمانی کوردى پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

باڵەخانەی پارێزگای هەولێر - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف
باڵەخانەی پارێزگای هەولێر - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ گۆڕینى تابلۆى شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ زمانی کوردى، دەست بە هەڵمەتێکى گشتگیر دەکرێت.

لە میانەی راگەیەندراوێکدا، پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر فەرمانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ زمانی کوردى، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکى کرد، کە تایبەت بوو بە دەستکردن بە هەڵمەتێکى گشتگیر بۆ گۆڕینى تابلۆى شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ سەر زمانی کوردى.

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم لایەنەکان راسپێردران دواى کۆتایى هاتنى ئەو مۆڵەتەى کە لە 2023.2.25 تاکو 2023.4.1 درابووە شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ گۆڕینى تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردى، دەست بە هەڵمەتێکى گشتگیرى دەکەن.

دووپاتیشکرایەوە، هەرکەس و خاوەن شوێنێک کە لە ماوەى ئەو مانگەدا تابلۆكانی بۆ زمانی کوردى نه‌گۆڕیبی، وەک قۆناغى یەکەم رێککارى پێبژاردنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.