ئەڵمانیا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال ده‌كات

ئەڵمانیا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال ده‌كات
ئەڵمانیا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال ده‌كات

K24 - هەولێر:

ئەڵمانیا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە کەمپی هۆل دەکات.

تیمێکی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، باسیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: تیمێکی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە کەمپی هۆلەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە عێراق کردووە.

ئەو تیمەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا دەڵێن، لە هاوکاری و پشتیوانیەکانیان بۆ عێراق بەردەوام دەبن.

کەمپی هۆل تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌ و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت، چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا 925 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە عێراق.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).