رووسیا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی وەرگرت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر:

رووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە مۆزەمبیق وەرگرت کە بە ڕیزبەندی ئەلفوبێ لە نێوان 15 وڵاتی ئەندامدا دەسوڕێتەوە.

ڤاسیلی نیبینزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەبارەت بە رۆژەڤی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیکگرتووەکانەوە لەلایەن وڵاتەکەیەوە ئەنجامدا.

نیبینزیا، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن رووسیا ماوەی سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و بانگەشەیەک لە دژی ئۆکراینا بەڕێوەدەبات، جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی هەروەکو ماوەکانی پێشوو بەشێوەیەکی "پرۆفیشیناڵانە" بەڕێوەدەبات و گوتی: "رووسیا، ئەو تایبەتمەندییانە خراپ بەکارناهێنێت کە سەرۆکایەتی دیدات. هەڵوێستی نیشتمانیمان جیاوازە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایش بابەتێکی دیکەیە. ئێمە گرنگی بەمە (پۆست) دەدەین. بە پێچەوانەوە ئەوانەی بانگەشە دەکەن ئەوان بە لاینگیرییەوە مامەڵە دەکەن".

ڤاسیلی نیبینزیا روونیشیکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا 24 - 25ـی نیسان لە نیویۆرک دەبێت و سەرۆکایەتی دوو کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.

نیبینزیا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لەلایەنی بەرامبەرەوە داواکاری هەبێت ئەوە دەکرێت لاڤرۆڤ لەگەڵ ئانتۆنیۆ بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆببێتەوە و رایگەیاند "دەبێت داواکارییەکە لەلایەن ئەمریکاوە بێت".

نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیاری دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەی کە دادگای سزای نێودەوڵەتی لە 18ی ئادار سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ئۆکراینا ئەنجامدراوە بە بڕیارێکی "گێلانە" وەسفکرد و رایگەیاند بڕیارەکە لەلایەن رووسیاوە هیچ گرنگیییەکی نییە.