رۆیتەرز: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بەندەری جەیهان لە تورکیا
بەندەری جەیهان لە تورکیا

K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی رێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، بڵاویکردەوە، داوایەکی فەرمی بۆ تورکیا نێردراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە و "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە".

ئەم هەواڵەی رۆیتەرز هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی قۆناغە کۆتاییەکانی رێککەوتنی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لەلای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی ئەمڕۆیی بۆ بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند: "بە رێگاوەم بەرەو بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنمان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت."