نێچیرڤان بارزانی: گەشبینم بگەینە رێککەوتن

"لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی هەیە"

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی هەردوو فیرقەی یەك و دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: جێگەی دڵخۆشییە وێڕای ناکۆکی سیاسی، پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە نەوەستاوە، هەندێک هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ویستی زۆری بۆ چارەسەر نیشانداوە، ئەو تێڕوانینەی ئەو وایکردووە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی بکەین، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە و هاتووچۆی باشی شاندەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها وەزیرانی کوردستان لە بەغدا چالاکترن و توانیویانە گفتوگۆی زۆر باش پێکەوە بکەن، ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر رێگەیەکی راستن".

گوتیشی: "ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، سەردانی بەغدا دەکات. بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش هەبێت بۆ کێشەی نەوت، پێمانوایە باشترین چارەسەر، چارەسەری ناوخۆی عێراقیانەیە، گەشبینم بگەینە رێککەوتن، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، دەرگا بۆ زۆر کێشەی دیکە دەکاتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی وڵات و هەموو پێکهاتەکانی وڵاتە، هیوادارم لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا هەموو لایەک بە دڵێکی پاکەوە بە دوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ هەموو کێشەکان. چارەسەری کێشەی نەوت و پەسەندکردنی بودجە هەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق".

سەرۆکی هەرێم وێڕای پیرۆزبایی لە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە و پێشمەرگەکان رایگەیاند: هەر یەک لەو دوو فیرقەیە لە چوار لیوا و 1200 پێشمەرگە پێکهاتوون، ئەمانەش بریتین لە هێزی هاوبەش و لیواکانی 70 و 80 کە پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێکردووە، چاوەڕێین هەموو رێکارەکان زوو تەواو بکرێن".

نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "راگەیاندنی ئەو فیرقە هاوبەشە، بەشێکە لە پرۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەیکەلیەتییەکی سەردەمیانەدا، یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکی هەرە گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "ئێمە بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان، جێگەی دڵخۆشییە وێڕای ناکۆکی سیاسی، پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە نەوەستاوە، هەندێک هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە، بەڵام بێگومان چاوەڕێی زیاترین و دەبێ کاری زیاتری لەسەر بکەین، تائێستا هەردوو پشتیوانی یەک و پشتیوانی دوو، هەروەها 20 لیوای هەردوو یەکەی 70 و 80 بە تەواوەتی خراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. دوو لیوای هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق دروستکراون بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، بودجەی پێویستیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ تەرخان کراوە، دوای پەسندکردن دەستبەکار دەبن، جێگەی دڵخۆشییە هوشیاریەکی زۆر لای ئەفسەر و پێشمەرگەکان دروست بووە، بۆ پێویستی یەکبوونی پێشمەرگە  و نایانەوێت پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت، چونکە ئەوان نایانەوێت هیچ ناوێکی سیاسی و حزبایەتیان لەسەر بێت، دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن نەک پێشنەرگەی حزب، ئەمەش باوەڕی رەسەن و راستەقینەی پێشمەرگەیە".