فوئاد حوسێن: عێراق بەشێوەیەکی فەرمی داوا لە تورکیا دەکات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

K24 - هەولێر:

حکومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە تورکیا دەکات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەبەست لە رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەکرێت کە نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە یان دەکڕن لەبارەی نەرخی نەوتەکەوە، چونکە پێشتر ئەو کۆمپانیانە بە نرخێکی کەم نەوتی هەرێمیان کڕیەوە، بەڵام ئێستا بەو نرخە نەوتەکەیان پێ نافرۆشرێت.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و "پێم وانییە حکومەتی تورکیا هیچ کێشەیەکی لەوبارەوە هەبێت".

فوئاد حوسێن گوتیشی: کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم نافرۆشێت، بەڵکو شاندی حکومەتی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە گفتوگۆ لەبارەی نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن. پێویستە کۆمپانیاکان بە نرخی بازاڕ نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن، ئەمەش مانای ئەوە دەدات نرخی نەوتی هەرێم بەرزدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. کە پێم وایە دەتوانێت ببێتە  بنەمایەک بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر بەشێوەیەکی رێک و پێک جێبەجێبکرێت. 

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "دوای راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو ئەم زیانە بە هەموو خەڵکی عێراق کەوتووە. ئێستا ئەم ئالیەتە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە داهاتێکی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەند بین."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە نیەتی ئێمە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەبووە ئێمە بگەینە رێککەوتنێکی باش لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی ئێمە بەهێچ شێوەیەک واز لە هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بهێنین، بەڵکوو ئەم رێککەوتنە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارانەی کە هەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی گوتی: دەمەوێت لێرەدا سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم بۆ ئەو متمانە و ئەو پشتیوانییە بەردەوامییەی بۆ ئێمەی هەبووە و دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لەم پڕۆسەیە و سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریانن هەبووە لەسەر خستنی ئەم پڕۆسەیە. سوپاسی شاندی حکومەتی عێراقی دەکەم بۆ پشتیوانیان لە رێککەوتن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەمەوێت سوپاسی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی زۆر چڕ توانیان ئەم گفتوگۆیانە بگەیێنن بە ئەنجام کە خێری هەموو خەڵکی عێراقی تێدا بێت.

مەسرور بارزانی گوتی: دڵنیام ئەمجارە بە وجودی جەنابی سەرۆک وەزیران ئەم رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ دەکرێت، هیوادارم ئەو تیمانەی رادەسپێردرێن، بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هونەرییەکان ئەم رێککەوتنە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبێت.

بەگوتەی مەسرور بارزانی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا "رێککەوتنێکی کاتییە" و دەڵێت: هەموو بنەماکانی ئەم رێککەوتنە دیسان لە پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گازیش رەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەکی رێک و پێک پێموایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێک بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازیش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: ئەو ئیلتیزامەی کە هەموو لایەک پیشانی دەدەین، هیوادارم گەرەنتی ئەوەبێت کە ئەو رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت دڵنیاشم کە ئەوە دەبێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ ئەو هەموو هاوکاری و کارکردنی پێکەوە، وەکو جەنابی سەرۆکوەزیرانی باسی کرد چیتر باسی کێشە نەکەین، بەڵکو باسی ئەو هەلانە بکەین کە لە داهاتوودا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەن ئێمە بتوانین وەکو دەستپێکێک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری هەموولایەک دەست پێبکەین، کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت ئینشاڵڵا سەرکەوتنیش بۆ هەموو گەلی عێراق دەبێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: جارێکی دیکە دەمەوێت دەستخۆشی و سوپاسی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بکەم، کە بە ڕاستی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق کە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەموو عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێری بەڕێزیان ئەم رێککەوتنە کراوە، هیوادارم و دڵنیاشم سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت. جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاستان دەکەم.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، رێککەوتنی نەوتی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کـوردستان و حکومەتی عێراق واژوو کرا و بەپێی رێککەوتنەکە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە کورد دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.