چین: کۆبوونەوەی ئەمەریکا و تایوان زیان بە پەیوەندیەکانی پەکین و واشنتن دەگەیێنێت

K24 - هەولێر:
دیپلۆماسێکی چینی رایگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، لە نێوان تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان و کیڤن ماکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، زیانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن دەگەیەنێت.
گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین لە لۆس ئەنجلۆس لە ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەدەچێت، "هەستی یەک ملیار و 400 ملیۆن هاووڵاتی چینی بریندار دەکات و کاردانەوەی دەبێت لەسەر بنەما سیاسییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا".
ماو نینگ، گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین: ماکارتی پشتگوێخستنی پشتیوانییە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چین کردووە، دەبوو لە هەڵەکانی رابردوو فێربکرایە.
گوتیشی: "گومانی تێدا نییە ماکارتی جارێکی دیکە هەمان هەڵە بکاتەوە، زیانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا دەگەیەنێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئیرادەی گەلی چین بۆ گەیشتن بە یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان.
گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین لە لۆس ئەنجلۆس جەختیکردەوە، چین دورگەی تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و ئەگەر پێویست بکات بە زەبری هێز وەریدەگرێتەوە.