د. گۆڤەند شێروانی: لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی کارگێری و یاسایی لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشرێت

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی بواری جیۆلۆجی و نەوت باس لە گرنگی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و رایگەیاند، لەمەودا نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی کارگێری و یاسایی لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت و لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق 300 ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی نیسان/ئێپرڵی 2023) د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆری بواری جیۆلۆجی و نەوت بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرنگی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆتایی هێنا بەو ناکۆکییە یاساییەی ماوەی نۆ ساڵە لەنێوان هەرێم و عێراق هەیە و دەبێتە بنەما بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی ماوەی 16 ساڵە هەیە بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای نەوت و غازیی فیدراڵی.

لەبارەی گرنگی ئەو رێککەوتنە، د. گۆڤەند شێروانی روونیکردەوە، گەیشتنە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت، رێگەخۆشکەرە بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیەکانی پێشمەرگە و ماددەی 140 و دۆسیە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پسپۆرەی بواری جیۆلۆجی و نەوت ئاماژەی بەوەکرد دوای بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانای جیهان، کاریگەری لەسەر پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، لەکاتێکدا ئابووری عێراق بەنزیکەیی لە 93% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئابوورییەکەی.

لەبارەی جیاوازی لە نرخی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی کۆمپانیای سۆمەوە،  د. گۆڤەند شێروانی ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر بەهۆی ئەو ئابڵوقەی لەسەر ئەو دۆسیەی هەرێمی کوردستان بوو لەلایەن بەغداوە، زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان لە عێراق ئامادەنەبوون، نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی بازاڕ بکڕن، بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەپێناو دۆزینەویە کڕیار و دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی جیاواز دەیفرۆشت، بۆیە ئەم رێککەوتنە بەسوودی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەشکێتەوە.