رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا واژوو کرا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەكاتەوە

رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنەکە
رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنەکە

K24 - هەولێر:

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە دەستپێدەكاتەوە. بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، گەرەنتی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ رێککەوتنەکەی هەولێر و بە‌غدا ھەیە و کۆمپانیای سۆمۆ، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات، لەبەرامبەردا هەرێم لەژێر چاودێری بانکی ناوەندیی، سەربەخۆ مامەڵە بە داهاتی نەوتەکەیەوە دەكات.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوت، بە کوردستان24ـی راگەیاند: فرۆشتنی نەوت لە رێگا و سەرپەرشتی حکومەتی عێراق دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی دارایی و سەربەخۆیی چۆنیەتی مامەڵەکردن تا رادەیەکی زۆر لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ھاوكات سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جددین لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی داهاتوو پڕۆژەیاساکە بۆ ئەنجوومەنەکەیان بنێردرێت بەمەبەستی پەسەندکردن.

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی  تایبەت بە کوردستان24، گوتی: سەرەتای ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا و هەردوولا رژدن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، هەر بۆیە لەسەر ئەو بابەتە کاری جددی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتوودا حکومەتی فیدراڵی ئەو پڕۆژەیاسایە بنێرێتە پەرلەمان و لە پەرلەمانیش بەشێوەیەکی مەبدەئی رێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆ ئەوەی لەم خولەدا پڕۆژەیاسای نەوت و غاز تێپەڕێندرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وابڕیارە سبەی چوارشەممە (5ـی نیسانی 2023)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای گشتی بودجە بكات. ئەندامێكی دیكەی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، پێشبینی دەكرێت تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە کەمتر لەمانگێک کاتی پێویست بێت بۆ تێپەڕاندن.

چیایی تەیمور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: رەنگە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراق کەمتر لە مانگێکی پێویست بێ، هەروەها ئەو رێژەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و جێگیر کراوە دەستکەوتێکە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەم قۆناغە سەقامگیری کارگێڕی، دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

بەگوێرەی رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و هەژمارێكی بانكی تایبەتیش بۆ داهاتەكەی دەكرێتەوە، هەروەها، حكومەتی عێراق پشكی 12.67%ی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەبەست لە رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەکرێت کە نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە یان دەکڕن لەبارەی نەرخی نەوتەکەوە، چونکە پێشتر ئەو کۆمپانیانە بە نرخێکی کەم نەوتی هەرێمیان کڕیەوە، بەڵام ئێستا بەو نرخە نەوتەکەیان پێ نافرۆشرێت.

ئەمڕۆ (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.

پاشان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و باسیان لە وردەكاریی رێككەوتنەكە كرد و وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانیشیان دایەوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا".

پێشتریش نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستا24ـی راگەیاندبوو، وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە بوونی نوێنەری کورد لە کۆمپانیای سۆمۆ رەزامەندی نیشانداوە، کە چەند پۆستێک بە کورد دەدرێت، لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ.

هەر لەو تویتەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکان لەسەر بنەمای نیازپاکی کردەوە و دوای ئەوەس تیمێکی حکومی راسپارد سەردانی بەغدا بکەن و دوای چەند رۆژێک لە گفتوگۆ و گەیشتنە رێککەوتن لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان و میکانیزمەکانی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.

هەر رۆژی (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن."

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لەناوخۆی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی ئەرێنی و پێشوازی گەرمی لێکراو ە بە هەنگاوێکی گرنگیان لە قەڵەمدا، بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە هەموو ئەو هەنگاوانە لەژێر سەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو.