خەلیل غازی: رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ کاریگەری ئەرێنی بەسەر هەردوولا دەبێت

K24 - هەولێر:

هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و بەم زووانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەم رێککەوتنەوە دەستپێدەکاتەوە،  ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش پێیوایە ئەم رێککەوتنە و هەر رێککەوتنێکی دیکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، کاریگەری ئەرێنی بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.

خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم رێککەوتننامەیە بەسەر هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، هەر جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، کاریگەری ئەرێنی بەسەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت بەسەر عێراقیش دەبێ و خزمەت بە هەردوولا دەکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقێش گوتی: "ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، دەروازەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بەشێوەیەک رەنگە لە سەرەتای مانگی داهاتوو پەسندبکرێت و پرۆسەی پەسندکردنەکە خێرا دەبێت، چونکە ئەم رێککەوتنە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە دەکات".

بەگوێرەی رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و هەژمارێكی بانكی تایبەتیش بۆ داهاتەكەی دەكرێتەوە، هەروەها، حكومەتی عێراق پشكی 12.67%ی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.

ئەمڕۆ (سێشەممە 4ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش واژۆکرا.

star