خووه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی یاریزانان و راهێنه‌ران ببینه‌

كریستیانۆش خوویه‌كی سه‌یری هه‌یه‌ به‌رده‌وام پابه‌ند ده‌بێت پێی

لە یۆرۆی ٢٠١٦ چەندان خووی سەیروسەمەرەی یاریزان و راهێنەرەکان هەیە، کە بەشێکیان سەرەڕای پابەندبوونیان بە باوەڕەکانیان شکستیان هێناوە، کەچی بەشێکیان هێشتا لە پاڵەوانیەتییەکە بەردەوامن و بە خووە سەیرەکانیشیان پابەندن.

شاندی هەڵبژاردەی ئینگڵاند بووکەڵەیەکی شێریان لەگەڵ خۆیان برد بووە فڕەنسا و، پێیانوابوو ئەو بووکەڵەیە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت، کەچی سێ شێرەکان لە قۆناخی ١٦ ماڵئاواییان لە پاڵەوانیەتییەکە کرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە ئایسلاند دۆڕان.

ماریۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا باوەڕی وایە هەرکاتێک لە دەرەوەی وڵات چاوی بە بەرپرسە باڵاکان بکەوێت و هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی یاریی هەبێت، ئازۆری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، رێنزی نموونەیەکی بۆ پاڵپشتیکردنی بڕوایەکەی خۆی هێناوەتەوە و رایگەیاندووە لەو رۆژەی ئیتاڵیا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی ٢٠١٦دا رووبەڕووی سوێد بووەوە، ئەو لە سان پێترسبۆرگ چاوی بە ڤلادیمێر پۆتن کەوت و ئازۆری بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

کاتێک سەرۆکوەزیرانەکەی ئیتاڵیا لە بەرلینیش چاوی بە هاوتا ئەڵمانی و فڕەنسییەکانی کەوت، ئازۆری بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ئیسپانیای بردەوە و رێنزی بڕوای بە خووەکەی خۆی زۆرتر بوو، چونکە کاتێک ئیتاڵیا لە چارەگی کۆتایی بەرامبەر ئەڵمانیا دۆڕا، ئەو هیچ چاوپێکەوتنێکی دیپلۆماسی نەبوو.

یاریزانە ئیتاڵییەکانیش لە کاتی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانیەتییە گەورەکان خووێکی سەیریان هەیە و پێش هەموو یارییەک دەبێت یاریزانێک وتاری ورە بەرزکردنەوە بۆ یاریزانەکانی دیکەی هەڵبژاردەکە بدات و یاریزانەکانی کۆنتی لە یۆرۆی ٢٠١٦ش بەم خووەیان پابەند بوون، بەڵام نەیانتوانی لە چارەگی کۆتایی زیاتر هەنگاو بنێن و دۆڕان.

کریس کۆڵیمانی رهێنەری وێلزیش پێیوایە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەر یارییەکی هەڵبژاردەکەی چاکەتەکەی دابکەنێت دەدۆڕێت، چونکە بە گوتەی خۆی لە یارییەکیان لە بەرامبەر سڕبیا چاکەتەکەی داکەند، بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕان، بەڵام کۆڵیمان بەرامبەر پۆرتوگاڵ چاکەتەکەشی پۆشیبوو، کەچی هەر دۆڕان و ماڵئاواییان لە یۆرۆ کرد.

کریستیانۆ رۆناڵدۆش خووی سەیروسەمەرەی هەیە، هەمیشە پێیوایە کاتێک بە فڕۆکە گەشت بکەن دەبێت یەکەم کەس بێت لە فڕۆکەکە بێتە دەرەوە، ئەگەر بە پاسیش گەشت بکەن، دەبێت دوایین کەس دابەزێت، جگە لەم بڕوایانە، رۆناڵدۆ هەمیشە بە قاچی راستە دەچێتە سەر لاکێشەی سەوز، چونکە پێیوایە بەختی لە یارییەکە باشتر دەبێت، کە تاوەکو ئێستا خووەکانی کریس بەختێکی باشیان بۆ ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵییە هێناوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکەی گەیشتووەتە فایناڵی پاڵەوانیەتییەکە.