خوێندنی باڵا: یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ حکومییەکان لە کرێی خوێندنی ماستەر دەبەخشرێن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی خوێندنی باڵاوە دەرکرد و رایگەیاند، یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ حکومییەکان کە دانەمەزراون لە کرێی خوێندنی ماستەر دەبەخشرێن.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (4ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا، یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (100%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) وەرگیران.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوەم کەسوکارى پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراونى هەرێمى کوردستان لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.

بەهەمان شێوە، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوە، نابینایان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەڕێژەى (100%) لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا، لەلایەن زانکۆکان ئەنجام بدرێت کە پێویستە ڕەچاوى بنەماکانى دادپەروەری و شەفافیەت و یەکسانی بکرێت و دور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک پرۆسەکە چاودێری و جێبەجێ بکریت.

لە بڕیارێکی دیکەشدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، فەرمانبەرانى دامەزراوى حکومى ئەگەر هاتوو تاوەکو رێکەوتى (1/9/2023) دوو ساڵ بەسەر خزمەتى کردەکى لە راژە پاش وەرگرتنى دوایین بروانامەى پەسەندکراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواکارى پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر یان دکتۆرا.

ئەنجوومەنى وەزارەت جەختیکردەوە کە پرۆسەى خوێندنى باڵا/دکتۆرا و ماستەر و دیبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ساڵانە بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی کارتی زیرەک (سمارت کارت) بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلکترۆنی کردن و ئاسان جێبەجێکردنی کاروبارە دارایی و کارگێرییەکانی قوتابیان و خوێندکاران.