رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بووە مانشێتی بەشێک له میدیا عەرەبی و بیانییه‌كان
K24 - هەولێر:
رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هه‌رێمی كوردستان، بووە مانشێتی بەشێکی میدیاکانی عەرەبی و بیانییه‌كان.
كه‌ناڵی سكای نیوز عه‌ره‌بی لە راپۆرتێک‌دا ئاماژەی بە رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت کردووە و رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە رۆڵیكی گه‌وره‌ی له چاره‌سه‌ركردنی پرسه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت.
كه‌ناڵی حوڕه‌ش، له راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی: هه‌ولێر و به‌غدا له كه‌ناری رێككه‌وتنێكی گه‌وره‌ی بواری نه‌وتدان و رووبه‌ری پێشوازیكردن له رێككه‌وتنەکەش لە ئاستێكی فراواندایه.
رۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بیش به گرنگییه‌وه باس له رێككه‌وتنه‌کە کردووە و نووسیویه‌تی: رێككه‌وتنه‌كه گرنگه، چونكه زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ری كۆكن و داهاتی نه‌وته هه‌نارده‌كراوه‌كه‌ش له هه‌ژمارێكی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم داده‌نرێت له‌لایه‌ن به‌غداوه چاودێری ده‌كرێت، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش كاری پێ ده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مانی عێراق یاسای نه‌وت و غاز ده‌رده‌كات.
رۆژنامه‌ی مه‌داش له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، رێككه‌وتنی ئه‌مجاره جیاوازه و ئه‌و رێككه‌وتنه ره‌وایه‌تی به هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ كڕیارانی نوێ له به‌نده‌ری جه‌یهان بۆخۆی بدۆزێته‌وه و داواش له سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت كراوه، گرێبه‌ستی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌رێم واژۆ بكه‌ن و نه‌وتی كوردستان به هه‌مان نرخی جیهانی ده‌خرێته بازاڕه‌وه.
رۆژنامه‌ی قاهیره نیوزی میسری نووسیویەتی: رێككه‌وتنی نه‌وتیی هه‌ولێر و به‌غدا پشت به كاری هاوبه‌ش ده‌به‌ستێت، تا گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری ریشه‌یی و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی پێداگیرییه‌كانی هه‌ریه‌ك له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كاته‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز ئاماژه به‌وه ده‌دات، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی له 0.5%ی پێداویستی جیهان بۆ وزه پێكده‌هێنێت و وه‌ستانی هه‌نارده‌كردنی كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی نه‌وت ده‌بێت و بۆیه رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا تاڕاده‌یه‌ك بازاڕی وزه سه‌قامگیر ده‌كات.
رۆژنامه‌کە له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی: دوای ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، هه‌ردوو لا توانییان بگه‌نه رێككه‌وتنێكی باش بۆ دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه له‌م هه‌فته‌یه‌دا.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیش بڵاویکردووەتەوە : ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه، نه‌وت و داهاته نه‌وتییه‌كان چه‌قی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بووه و هه‌رێمی كوردستان قوربانی زۆری داوه تا بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری به‌ده‌ستبهێنێت و شوێنی خۆی له بازاڕی وزه‌ی جیهاندا بكاته‌وه. ئێستاش دوای راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌تی به‌غدا نامه‌یه‌كی فه‌رمیی بۆ توركیا ناردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ئاماده بێت.
پێگه‌ی دویتچه ڤێللا نووسیویه‌تی: راسته رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كاتییه، به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستكه‌وتێكی گرنگتری لێوه له‌دایك ده‌بێت، ئه‌ویش ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گازه، به‌مه‌ش ته‌واوی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به دۆسیه‌ی وزه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌بن.
ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركیش نووسیویه‌تی: دوای راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، دواجار هه‌ردوولا گه‌یشتنه رێككه‌وتنی كۆتایی و جێگری سه‌رۆكی كۆمپانیای سۆمۆش به هه‌رێمی كوردستان درا و سوودانی فه‌رمانی به لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه، ئاماده‌كاری بۆ هه‌رچی زوو هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
رۆژنامه‌ی میدڵ ئێستیش بڵاویکردووەتەوە: رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستبه‌جێ رێگه به هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌داته‌وه، كه به‌هۆی راگرتنییه‌وه نزیكه‌ی نیو ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه له بازاڕی وزه كه‌می كردبوو.
هەروەها رۆژنامه‌ی میدڵ ئێست مۆنیتۆر بڵاویکردووەتەوە کە مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سوودانی قسه‌ی كۆتاییان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت كرد و دووباره ده‌ست به هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كرێته‌وه.