ئیبراهیم شەڕەفانی: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا رێگەخۆشکەرە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز

ئیبراهیم شەرەفانی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئیبراهیم شەرەفانی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24  - هەولێر:

راوێژکاری سەرۆکوەزیران رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بۆ هەردوولا رێکەوتنێکی زۆر گرنگە و رێگەخۆشکەرە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز.

ئیبراهیم شەرەفانی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـــی راگەیاند، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق،  بۆ هەردوولا رێککەوتنێکی زۆر گرنگە، هەروەها کابینەکەی سوودانی زیاتر بەرەو سەقامگیری دەبات.

دەشڵێت: "ئەم رێککەوتنە رەنگدانەوەی  جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقە".

شەرەفانی دەشڵێت، زۆرینەی خەڵک وا تێگەشتوون راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی دەستووریی بوو، گوایە دەستور رێگە نادات هەرێمی کوردستان نەوت بفرۆشێت، بۆ رای گشتی رایدەگەینین دوور و نزیک راگرتنی هەناردەکردنی نەوت پەیوەندی بە دەستوورەوە نەبووە، بەڵکو ئەوە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە تورکیا و عێراق لە ساڵی 1973 لەسەر بۆری نەوت ئەنجامیاندابوو.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیران ئەوەشی روونکردەوە، دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و بڕیاری دادگای ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە تورکیا ناتوانێت بێ رەزامەندی عێراق نەوتەکە بفرۆشێت، لەسەر ئەو بنەمایە هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا، بە پێچەوانەوە لە دەستووری عێراق جێگیرکراوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت.

شەرەفانی ئاماژەی بەوەشکرد، رێکەوتنەکەی ئەمڕۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

ناوبراو دەشڵێت: "هەرێم دەتوانێت لەو نەوتەی کە هەناردەی دەکات، بەشێک لەو داهاتە بۆخۆی بەکاربهێنێت و بەشەکەی دیکە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی عێراق کەلەسەری رێککەتوون، هەروەها هەرێمی کوردستان مافی فرۆشتنی نەوتی خۆی هەیە بەڵام پێوێستە بە لێکتێگەشتن لەگەڵ عێراق ئەو کارە بکات".

هەروەها دەشڵێت: "کۆمپانیاکانی بواری وزەش دەتوانن بۆ لەمەودوا کاری وەبەرهێنانی خۆیان لە بواری وزە بەشێوەکی باشتر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئێمە گەشبینین بۆ داهاتوو".

سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئیبراهیم شەرەفانی گوتی: "پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەکی بەرز و بە‌هێزە، چونکە وڵاتە زلهێزەکان بەجددی لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی ئەو رێکەوتنە واژۆبکرێت، لەبەر ئەوەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریەکی گەورەی هەبوو لەسەر بازاری جیهانی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو بوارە".