رێباز حەملان: رێکكەوتنی هه‌ولێر و به‌غدا شەرعیەتی نێودەوڵەتی و یاسایی بە نەوتی هەرێمی کوردستان داوه‌

رێباز حه‌ملان
رێباز حه‌ملان

K24 – هەولێر:

یاریدەده‌ری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری و كارگێری، رایده‌گه‌یه‌نێت، رێکكەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق شەرعیەتی نێودەوڵەتی و یاسایی بە نەوتی هەرێمی کوردستان دا. دەشڵێت: "لەمەودوا بەهێزەوە گفتوگۆ و رێکەوتن بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری و كارگێری،  رایگەیاند، رێککەوتنی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگە، هەروەک چۆن سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای دروستبوونی کابینەکەیەوە بەڵینی با خەڵکی کوردستان دابوو، ئەمڕۆش بە کردار ئەوەی سەلماند.

یاریدەدەری سەرۆكوەزیران راشیگەیاند، تویتەکەی سەرۆکوەزیران باشترین وەڵام بوو، بۆ بەشێک لەوانەی کە نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا دەکرد و چاوەڕێی شکستی کابینەکەی سەرۆک وەزیران بوون.

ئەوەشی روونکردەوە، هەروەک چۆن لە رابردوودا سەرۆک بارزانی لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بوو، مەسرور بارزانیش لەسەر هەمان رێچکە درێژەپێدەری پەیامەکە و رێبازەکەی باوکیانن.

یاریدەدەری سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، بەرێز سەرۆکوەزیران هەمیشە لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵیشدا بۆ هەمان پرس سەردانی بەغدای کرد و پاش چەندین کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دواجار رێکەوتنیان واژۆ کرد.

دەشڵێت: سەرۆک وەزیران زووتر لەسەر هێڵ بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و عێراق.

تایبەت بە دادگای ناوبژیوانەنی نێودەوڵەتی لە پاریس حەملان گوتی، رێکەوتی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندی بە بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی پاریس نەبووە، بەهۆی لێکتێگەشتن و دیدگای هاوبەش ئەم رێکەوتنە کراوە، هەروەها ئەم رێکەوتنە کاتییە، تا کاتی دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە سازش لە مافە دەستورییەکانی خۆمان ناکەین و هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو ئەو پرسانەش دەدەین کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، پرسی پێشمەرگە، شنگال و ماددەی 140.