عەبدوڵڵا حاجى مەحموود: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەستپێکى سەردەمێکى نوێیە بۆ هەرێمى کوردستان

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

K24 – هەولێر:

رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەت لە بواری نەوت و گازەوە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات و دەبێتە سەرەتا و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و کۆتایی بە ناکۆکییەکانی هەردوولاوە لەسەر دۆسیەی نەوت بهێنێ.

کاردانەوەکان لەسەر ئاستی باڵا و گشتیدا ئەرێنی بوون، لەو چوارچێوەیەدا وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و پێی وایە رێککەوتنەکە دەستپێکردنى سەردەمێکى نوێیە بۆ هەرێمى کوردستان و دەبێـتە مایەى پتەوکردنى پەیوەندیەکان و بەشداریکردنى زیاتری هەرێمی کوردستان لە سەقامگیرى سیاسى، یاسایى و دارایى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و دواجار گەشەى ئابوورى زیاتر بەخۆوە دەبینێت.

عەبدوڵڵا حاجى مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ستایشی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت: لە رابردوودا رووبەڕووى ئاستەنگ و فشارى زۆر بووەوە لە رووى سیاسى و یاسایى و داراییەوە، سەرئەنجام حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتن لەسەر بنەماى سیاسى و دەستوورى بۆ ئەوەى لە بەرژەوەندى سەرجەم گەلانى عێراقدا بێت.

وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر لە سەرەتاى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەرنامە و روئیا وابوو بە هەماهەنگى و پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەى بە شەفافانە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجىیەکاندا بکرێت لەپێناو فەراهەمکردنى خۆشگوزەرانى بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، لەم روانگەیەوە لەدواى قووڵبوونەوەى کێشەکان، تواندرا بە پلان مامەڵە لەگەڵ حکومەتى نوێى عێراق و رەوشى سیاسى و گۆڕانکارییەکاندا بکرێت، کە ئەمە خواستێکى ناوخۆیى و دەرەکى بوو بەڕەچاوکردنى بەرژەوەندى باڵاى گەلى کوردستان.