ئێران دوای حەوت ساڵ باڵیۆزی خۆی دەنێرێتەوە ئیمارات

ئاڵای ئێران و ئیمارات
ئاڵای ئێران و ئیمارات

K24 - هەولێر:

ئێران لە دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، جارێکی دیکە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیمارات دامەزراند.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەزا ئەمیریی وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە ئەبوزەبی دیاری کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمیریی دەچێتە ئەبوزەبی و لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکار دەبێت.

ناوبراو کە لە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوبەری گشتیی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتە، پێشتریش لە وڵاتانی جەزائیر، سوودان و ئەریتریا باڵیۆزی ئێران بووە.

دوای ئەوەی سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی 2016دا بەتۆمەتی "تیرۆر" 47 کەسی لەسێدارەدا کە کەسایەتی ئایینی شیعە بوون،  ئێران کاردانەوەی توندی نیشان دا و خۆپیشاندەرانی ئێرانیش باڵیۆزخانەی سعوودیەیان لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان لە مەشهەد سووتاند.

دوای ئەم رووداوانەش هەریەکە لە سعوودیە، بەحرێن، کوێت و سوودان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران پچڕاند و ئیماراتیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران لە ئاستی باڵیۆزخانەوە بۆ ئاستی نوێنەرایەتی کەم کردەوە و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران، سەیف محەمەد عوبەید زەعابی بانگێشتی ئیمارات کردەوە.

لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەبوزەبیدا، دوای حەوت ساڵ، جارێکی دیکە سەیف محەمەد عوبەید زەعابی لە نۆی ئەیلوولی 2022دا وەک باڵیۆزی ئیمارات گەڕایەوە تاران.