کۆریای باشوور کار بۆ بە بازاڕکردن و هەناردەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر:

کۆریای باشوور کار بۆ بە بازاڕکردن و هەناردەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و وەزارەتی بازرگانی ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاریكارییەك كە ببێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ کۆریای باشوور.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پێشوازی لە چۆ كیجۆنگ، كونسوڵی گشتی كۆماری كۆریا لە هەرێمی کوردستان كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و كوریای باشوور كردووە سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی ناوچەكە .

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، كونسوڵی گشتی کۆریای باشوور بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی كرد و سەبارەت بە بایەخی هەبوونی كۆمپانیاكانیان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سەقامگیرە و لە هەوڵداین زۆرترین كۆمپانیاکانمان بێنە ئێرە تا كاری وەبەرهێنان بكەن، بازاڕی جیهان بازاڕی كۆریایە و ئامانجمانە سوود وەرگرتنە لە بازرگانی كوردستان بۆ گەشەی ئابووری هەردوولا و لە مان کاتیشدا كار لەسەر بردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان دەکەین بۆ كۆریا و ناساندنی لە بازاڕەكان''

ئەماژە بەوەشکراوە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیش ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاریكارییەك كە ببێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و پێشخستن و بەرزكرنەوەی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی بەشێوەیەک کە سوودی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت و رایگەیاند:''ئێمە کاردەکەین ئاستی بەرهەمی ناخۆیمان بەرزبکەینەوە، تابتوانین پێداویستیەکانی خۆمان دابین بکەین و هەر کات لە پێداویستی ناوخۆیی زیاتر بوو ئەو کات هەناردەی دەکەین.''

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر یەكە لە بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، روونكردنەوەی زیاتریان لە بارەی كار و بەرنامە و پلانی وەزارەت و حكومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لەو بارەیەشەوە بریکاری وەزارەت رایگەیاند:'' لە کوردستان خواست لەسەر کاڵای کۆری هەیە و بەکاربەرێکی زۆر بەرهەمی کۆری بەکاردەهێنن.''