مەسرور بارزانی: هیوادارم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023،  بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئەنجامی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ هەوڵ و کاکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆک وەزیران هەروەها دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆک وەزیران ڕوونیشی کردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد.

مەسرور بارزانی هیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، پوختەیەکيان دەربارەی ئامانج و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی پڕۆژە یاسای ( وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.

ئاماژە بەوەکراوە، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازیکردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و سەرنج لە سەرپڕۆژە یاساکە ، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و سەرنجەکان و بە ئاراستەی زیاتری دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە یاساکە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا.

لەمبارەیەوە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەیوەندیدارەکان، ڕوونکردنەوە و زانیاری و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەر گوزەرانی هاووڵاتییان خستەڕوو.