فەرەنسا.. بەهۆی رۆژووگرتنەوە یاریزانێکی موسوڵمان لە یارییەکانی یانەکەی دووردەخرێتەوە

جەوان حەجام، ئەستێرەی جەزائیری یانەی نانت
جەوان حەجام، ئەستێرەی جەزائیری یانەی نانت

K24 - هەولێر:

ئەستێرەیەکی جەزائیری یانەی نانتی فەرەنسی بەهۆی رۆژووگرتنەوە تا کۆتایی مانگی رەمەزان ناتوانێت بەشداری لە یارییەکانی یانەکەیدا بکات، راهێنەرەکەیشی دەڵێت، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو یاریزانەدا نییە.

رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، ئەنتوان کۆمبورار، راهێنەری یانەی نانتی فەرەنسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ یاری داهاتووی یانەکەی لە بەرامبەر یانەی ئۆلمپیک لیۆن لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی فەرەنسا راگەیاند.

بەگوێرەی ئەو لیستەی راهێنەرە فەرەنسییەکە بڵاویکردووەتەوە، جەوان حەجام، ئەستێرەی جەزائیری یانەی نانت لە یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر بە لیۆن دوورخراوەتەوە و بەشداری ناکات.

لەبارەی بەشدارینەکردنی ئەو ئەستێرە جەزائیرییە لە یارییەکەی داهاتووی جامی فەرەنسا، ئەنتوان کۆمبورار، راهێنەری یانەی نانتی فەرەنسی گوتی: من رێز لە جەوان حەجام و ئەرکە ئایینیەکەی دەگرم وهیچ کێشەیەکی تایبەتم لەگەڵدا نییە، بەڵام تاوەکو رەمەزان کۆتایی دێت، ئەو بەشداری لە یارییەکانماندا ناکات.

بەگوتەی ئەو راهێنەرە فەرەنسییە، ئەستێرە جەزائیرییەکە دوای تەوابوونی مانگی رەمەزان دەگەڕێتەوە راهێنانەکانی یانەی نانت و بەشداری لە یارییەکاندا دەکات و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی تیمەکەیاندا داویەتی.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای مانگی رەمەزان یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا لەرێگەی نامەیەکی ئەلیکترۆنییەوە ناوبیژوانانی خولی فەرەنسی ئاگادر کردەوە، نابێت یارییەکان بوەستێنن بۆ ئەوەی یاریزانە موسڵمانەکان رۆژووەکانیان بشکێنن.