وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا: لە هاوکارییەکانمان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریزم لە عێراق بەردەوام دەبین

K24 - برۆكسل:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، باش دەزانین تیرۆریزم لە عێراق هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە.

ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، قەیرانی ئۆکرانیا هەڕەشەی بۆسەر ئاسایشی ئەوروپا دروستکردووە، باشیش دەزانین تیرۆریزم لە عێراق هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە، لەم چوارچێوەیەش لە هاوکارییەکانمان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریزم لە عێراق بەردەوام دەبین.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا له‌ وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24دا ئاماژه به‌وه‌ ده‌كات، لە لوتکەی ناتۆ رێککەوتووین، لە هاوکارییەکانمان بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریزم لە عێراق به‌رده‌وام بین.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هه‌روه‌ها گوتی: "لەماوەی ساڵی رابردوو ئاسایشی ئەوروپا کەوتەبەر هەڕەشە لەلایەن رووسیا، ئەو ئارامی و ئاسایشەی بۆ چەندین ساڵ لە ئەوروپا هەبوو، کەوتەبەر هەڕەشەی رووسیا، لەگەڵ ئەوەشدا نە وەک یەکێتی ئەوروپا و نەوەک ناتۆ لەبیرمان نەکردووە کە هەڕەشەی دیکە تیرۆریزم لە جیهاندا هەن، وەک لە لوتکەی مەدریدی ناتۆ لەسەر ئەو ستراتیژە کۆکبووین".

ده‌شڵێت: "هەڕەشەی ئەمنی جیاواز لە جیهان هەن، یەکێک لەوانە تیرۆریزمە لەم چوارچێوەیەش ناتۆ هاوکاری هاوبەشەکانمان دەکات بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریزم و ئەمە عێراقیش دەگرێتەوە. وەک دەزانن ئەڵمانیا هاوکار و پشتیوانی شەری دژی تیرۆرە لە عێراق".