دكتۆر زوبێر رەسووڵ: هەرێمی کوردستان نەیویست قەیرانێکی دیکەی ئابووری روو لە عێراق بکات

دكتۆر زوبێر رەسووڵ
دكتۆر زوبێر رەسووڵ

K24 – هەولێر:

مامۆستایەکی زانکۆ رایدەگەیه‌نێت، رێکكەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کۆتایی بە كێشە چەقبەستووەکەی نێوانیان ده‌هێنێت. دەشڵێت: "باردۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە، هەروەها لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەڵدەدەینەوە".

دكتۆر زوبێر رەسووڵ مامۆستای زانکۆ، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بە رێکكەوتنمان لەگەڵ بەغدا، دەتوانین دەستکراوەتر بین لە فرۆشتنی نەوت لە رێگای تورکیا، پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێوە، گەشبینین بەوەی ئەم رێكکەوتنە دەبێتە مایەی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا.

هه‌روه‌ها دەشڵێت، هەرێمی کوردستان نیازپاکی خۆی نیشانی حکومەتی عێراقدا، نەیویست قەیرانێکی دیکەی ئابووری روو لە عێراق بکات، چونکە وەستانی هه‌نارده‌ی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانێکی زۆری بۆسه‌ر داهاتی حکومەتی عێراق هه‌بوو.

د. زبێر رەسووڵ ئەوەشی روونکردەوە، هاووڵاتیان بە ئومێدەوە سەیری رێککەوتنەکە دەکەن و پێی دڵخۆشن، هەروەها بۆ لەمەودوا هەموو گلەییه‌ك لە پرسی نەوتدا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکرێت، ئەمجارە گلەییەکان ئاراستەی بەغدا دەکرێن، چونکە بەغدا سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات.