رێبوار بابکەیی: رێککەوتنی نەوت لەگەڵ عێراق هاوشێوەی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار گرنگە

رێبوار بابكه‌یی
رێبوار بابكه‌یی

K24 - هەولێر:

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوێنێ (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆکرا کە بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، هاوکات جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش بۆ کورد دەبێت.

سەبارەت بە گرنگی ئەم رێککەوتنە و ئەنجامەکانی، رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەشداری پەخشی راستەوخۆی کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی رۆژی (چوارشەممە 5ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)ـی کرد و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە مێژووییە، واژۆکردنیشی هاوشێوەی رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 گرینگە، ئەویان لە رووی سیاسی و کارگێڕییەوە، ئەمەیان لە رووی ئابووری و وزەوە و دەستکەوتێکە بۆ هەرێمی کوردستان.

رێبوار بابکەیی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پرسی نەوت و کێشە و قەیرانەکان، گوتی: "هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا خاوەنی عەقڵیەتێکی گەورە بوو لە ئیدارەدانی نەوتدا، بۆیە ئەم رێککەوتنەی بە موبارەکەی ئەمەریکا و ئەورووپا و ناوەندە جیهانییەکانی لێکەوتەوە و میدیا بەناوبانگەکاگنیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و سەرنجیان خستە سەر گرنگییەکەی".

دوێنێ (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.