ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كریستیانۆ دیاریی كرا

له‌ ئێستادا میدیاكانی جیهان له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی باس له‌ ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال ده‌كه‌ن، هاوكات به‌ وردی چاودێری ده‌ره‌نجامی پشكنینه‌ پزیشكییه‌كانی كریستیانۆ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ یاریی فیناڵی یۆرۆی 2016 تووشی پێكان بوو.

به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی ماركای نزیك له‌ یانه‌ی ریال مه‌درید كریستیانۆ، یه‌ك مانگی ته‌واوی بۆ چاكبوونه‌وه‌ی پێویسته‌، به‌مه‌یش له‌ یاریی جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا بێبه‌ش ده‌بێت كه‌ بڕیاره‌ له‌ 9ـی مانگی داهاتوو له‌ نێوان یانه‌ی سێڤییا و ریال مه‌درید به‌ڕێوه‌ بچێت.

به‌پێی پشكنینه‌كانی ئه‌مڕۆ كه‌ بۆ كریستیانۆ كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م یاریزانه‌ به‌سته‌ره‌كانی چۆكی پچڕاوه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت پێش مانگێك بۆ یاریگاكان بگه‌ڕێته‌وه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، له‌ یاری كۆتایی یۆرۆ، له‌ خوله‌كی 20 له‌ لایه‌ن دیمیتری پایتی ناوه‌ڕاستكاری هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا تووشی پێكان بوو، ئه‌گه‌رچی دوو جار گه‌ڕایه‌وه‌ نێو یاریگه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی یارییه‌كه‌ ته‌واو بكات و له‌ خوله‌كی 25 یاریگه‌ی جێهێشت.