موسەننا ئەمین: رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا راستەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانە

موسه‌ننا ئه‌مین، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
موسه‌ننا ئه‌مین، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەینێت، رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رێگاخۆشکەره‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، دەشڵیت: "دروستبونی دەرفەتێکی نوێیە بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان".

موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، رێکەوتنمان لەگەڵ بەغدا دروستبوونی دەرفەتێکی نوێیە بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، پێویستە لەو ساتەدا ئەو گرێبەستانە ئەنجامبدرێتة کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها ببێتە مایەی خێر بۆ هەردوو گەلی عێراق و کوردستان.

موسەننا ئەمین دەشڵێت، خاڵێکی دیکەی ئەرێنی ئەم رێککەوتنە، بۆ لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان هەرزانفرۆش ناکرێت، بەڵکو بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ دەرفرۆشرێت، چونکە پێشتر لەو نرخە کەمتر دەفرۆشرا.

هەروەها ناوبراو  ئەوەشی روونکردەوە، لەمەودوا عێراق ناتوانێت خۆی بدزێتەوە و نکۆڵی بکات لە شایەستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە پێشوودا پرسی نەوت ببوە بیانوو کە حکومەتی عێراق خۆی بدزێتەوە لە شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا هیچ بیانووەکی نەماوە.