وەزیرانی دەرەوەی فینلەند و سوید لە رێگەی كوردستان24ـوە دڵنیایی دەدەنە رەوەندی کوردی کە پارێزراو دەبن

وەزیرانی دەرەوەی فینلەند و سوید لە رێگەی كوردستان24ـوە دڵنیایی دەدەنە رەوەندی کوردی کە پارێزراو دەبن
وەزیرانی دەرەوەی فینلەند و سوید لە رێگەی كوردستان24ـوە دڵنیایی دەدەنە رەوەندی کوردی کە پارێزراو دەبن

K24 - برۆكسل:

ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆری کورد، بەتایبەتی کوردی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لە هەردوو وڵاتی سوید و فینلەندا دەژین و هەندێکیان خاوەنی رەگەزنامە و نشینگەی ئەو دوو وڵاتەن و تەنانەت بەشداری کاری سیاسیش دەکەن و هەندێکیشیان تا ئێستا وەک پەناهەندە ماونەتەوە.

هەردوو وەزیرانی دەرەوەی فینلەندا و سوید سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی تورکیا داوای لە هەردوو وڵات کردووە ژمارەیەک لە کوردانی وڵاتەکانیان رادەست بکه‌نه‌وه‌، رایانگەیاند "هەموو ئەو کوردانەی لەم دوو وڵاتەدا دەژین، پارێزراو دەبن و تاکە کوردێکیش رادەستی تورکیا ناکەنەوە".

سەبارەت بەم بابەتە، تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید تایبەت بە کەناڵی کوردستان24 گوتی: "ئەگەر سەیری رێککەوتنی لێکتێگەیشتنەکە بکەی، کە لە لوتکەی مەدرید واژۆ کرا، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی سوید کە دەبێ ئەنجامیان بدات زۆر روونن. لەو رێککەوتنەکەش نە باسی کەس کراوە نە باسی دیپۆرتکردنەوەی هیچ کەسێک کراوە. ئێمە رووبەرووی تیرۆر دەبینەوە، بەڵام لە چوارچێوەی سیسته‌م و دادگاکانی سوید. لە رۆژی واژۆکردنی رێککەوتنەکەشەوە حکومەتی سوید ئەمەی زۆر بە روونی گوتووە.

هەر لەبارەی ئەم باسەوە پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلەندا لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24  ئاشکرایکرد، تورکیا هیچ کێشەی لەگەڵ کوردانی فینلەندا نییە و هەموو رەوەندی کورد لەو وڵاتەدا پارێزراو دەبن.

وەزیری دەرەوەی فینلەندا روونی کردەوە، نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتی کورد لە فینلەندا دەژین و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و هەموو شتێک باشە و پارێزراو دەبن.

پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە تورکیا داوای رادەستکردنەوەی ژمارەیەک کوردی لە فینلەندا و سوید کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە داواکارییەکەیان رەت کردووەتەوە.

ناتۆ گەورەترین و بەهێزترین رێکخراوی سەربازییە لە جیهاندا، تاوەکو ئێستا 31 وڵات ئەندامن و چەندین وڵاتی زلهێزی جیهانی وەکو ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و کەنەدا ئەندامی ئەم رێکخراوەن.

ناتۆ بەردەوام رووسیا بە مەترسی و دوژمنی سەرسەختی ئاساییشی خۆی دەزانێت و لە بەرامبەریشدا بەهەمان شێوە رووسیاش بەردەوام بەرامبەر رێکخراوی ناتۆ نیگەرانە.