ئابووریناسان: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کاریگەری ئەرێنی دەبێت

K24 - بەغدا

دوای واژۆكردنی رێككەوتننامەكەی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، لەسەر ھەناردەكردنی نەوت، ئابوریناسان و شرۆڤەكارانی سیاسی و دارایی، پەسەنی رێكەوتنەكە دەكەن.  دووپات لەوە دەكەنەوە، كە لە ئێستا و داھاتووشدا، لەسەرھەردوو ئاستی ئابووری و سیاسیش، دەرەنجام و لێكەوتەی ئەرێنی زۆر دەخاتەوە، بەتایبەت رێكەوتنەكە، پاش بیست ساڵی پڕ لە ناكۆكی و كێشمەكێشی توندی نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە.

لەوباەرەوە د. سەلاح بووشی، شرۆڤەكاری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "رێككەوتنەكە كەشێكی وای دروستكردووە، كە تەواو نوێیە، ھەربۆیە دەبێت سیاسەتمەدارانیش كەڵك لەو سەقامگیرییە وەربگرن كە ريككەوتنەكەی ھەولێر و بەغدا دەیھێنێتە كایەوە، پێشتر زۆر بابەت ھەڵپەسێردرا هەبوون و لەبەردەم كاری دامەزراوەییدا دەبوونە كۆسپ".

هەروەها جەلیل ئەللامی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت: "رێكەوتنەكە ھەموو بابەت و ناكۆكییە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی ھەرێمی كوردستان چارەسەردەكات، لەوانە مادەی 140 و، یاسای نەوت و غاز، و پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیدا".

دەستكەوتە ئابوورییەكانی رێككەوتننامەكە ھیچی كەمتر نییە لە  دەستكەوتە سیاسییەكانی، لەوانە بابەتی بودجە، وەكو ئابووریناسان دەڵێن، داھاتی نەوتیش زۆرتر دەبێت و بودجە دەوڵەمەندتر دەكات.

باسم جەميل شارەزای ئابووری، گوتی: "رێککەوتنەکە خزمەتی بودجەش دەكات، چونكە بودجە پشت بە نەوت دەبەستێت، داھاتی 400 تا 450 ھەزار بەرمیلی رۆژانە، داھاتێكی زۆرە بۆ بودجە، و بەڵگەیەكیش دەبێت بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان بەغدا و ھەرێم".

خەریكە ئەو ناكۆكیانە چارەسەردەبن كە بیست ساڵ بوو بەردەوام کێشەیان لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکرد، چاوەڕوانیش دەكرێت كە دەرەنجامە ئەرێنییەكانی نەك تەنیا بۆ ئێستا، بەڵكو وەك ھەندێك لە شارەزایان دەڵێن، بۆداھاتووش دەبێتە سەرەتایەك بۆ چەندین رێككەوتننامەی دیكە كە لە سەرئاستی سیاسی و ئابووری دەرەنجامی زۆر ئەرێنی دەخەنەوە.