بەهۆی نەوتی رەشەوە 5000 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بێکەڵك بوون

K24 - هەولێر:

لە كێڵگە نەوتییەكانی سنووری پارێزگای سه‌ڵاحەدین ماوەی هەشت ساڵە لە نزمایی و چەمەكانەوە نەوتی رەش دەڕژێتە زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنوورەكەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی بەكەڵكی كشتوكاڵكردن نەماون.

جوتیارانی سنوورەكە دەڵێن نەوت تەنیا نەهامەتی بۆ هێناون و هیچ سودێكی بۆ ئەوان نەبووە.

سەدام موسا، کە جووتیارێکی ناوچەکەیە، لەوبارەیەوە گوتی: نەوت كارەساتێكی گەورەی ژینگەیی بەسەرئەم ناوچەدا هێناوە ، ئێرە دەشتاییەكانی پارێزگای سڵاحەدینە.

سەدام یەكێك لەو جووتیارانەیە كە رووبەری زیاتر لە سەد دۆنم زەوی گەنمی چاندووە، بەڵام نەوتێكی زۆر تێكەڵی بەرووبوومەكەی بووە  و بۆ ئەمساڵ رەنج بەخەسار بووە و گەنمەکەی نادورێتەوە.

جووتیار، تاهیر عەبدوڵلا دەڵێت: هیچ سودێكمان لەنەوت نەبینیوە، بەرووموومەكانمان خەسار بوون و ئاژەڵیش ناتوانێت بیخوات، ئەمەش لەکاتێکدا کە خۆمان بەرمیلێك نەوت بە دوو سەد هەزار دینار دەكڕین.

شێخ ئەحمەد، نوێنەری جوتیارانی سنوورەكە باسی لەوەکرد، دەرگا نەماوە لێی نەدات و هەوڵی زۆریداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، بەڵام بێ ئاكام بووە.

شێخ ئەحمەد شلاش، راوێژكاری ئەنجومەنی شێخە عەشایەرەكانی سەڵاحەدین بۆ وزە و سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیاران لە عەلەم، ئەوەی خستەڕوو، کە چەندین جار داوایانكردووە، بەڵام كەس چارەسەری كێشەكە ناكات، ئەو پرسیار دەکات "ئاساییە هاوڵاتی ئەم كێشەیە چارەسەر بكات؟" گوتیشی: ئەمە ئەركی دەوڵەتە و دەتوانێت بە چەند كاتژمێرێك كێشەكە چارەسەر بكات.