بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر 74 مێز و حەوت دووکان سووتان

K24 – هەولێر:

لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر، 74 مێز و حەوت دووکان سووتان، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش، هۆکاری سووتانەکە دەگەرێتەوە بۆ راکێشانی کارەبا لە تۆڕی گشتی بەشێوەیەکی نایاسایی.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپرڵی 2023) بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر ئاگری گرت، دووکان و مێزی زۆرێک لە کاسبکارانی زیانیان بەرکەوت، لە کاتێکدا زۆرینەیان خۆراک و پێداویستی تایبەت بە مانگی رەمەزان و ئامادەکارییەکانی جەژنیان هێنابوو تا ساغی بکەنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، خاوەن دوکانێک لە بازاڕی شێخەڵڵا بۆ کوردستان24، گوتی: "بە ماندووبوون و رەنجی سەرشانم ئەم دوکانەم کڕیبوو، بەڵام بەهۆی سووتانەکە لە ماوەی نیوکاتژمێردا نزیکەی 20 هەزار دۆلار زەرەرمەند بووم".

هەروەها عوسمان عەزیز، یەكێکی دیکە لەو خاوەن مێزانەی کە لە بازاڕی شێخەڵڵا زەرەرمەندبوون بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە هەواڵەکان زانیمان کە بازاڕەکە گڕی گرتووە، هاتین بینیمان مێزەکەی خۆم و چوار لە مێزی کوڕەکانم سووتاوە و بووەتە خۆڵەمێش، لە رووی ماددیەوە زیانێکی زۆرمان کرد.

لەلایەن خۆیەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، سەبارەت بە رووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی شێخەڵڵا رایگەیاند، هاوکاردەبن لە دووبارە رێکخستنەوەی بازاڕەکە، هەورەها ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتیش درێغی ناکات لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت، لەژێر رێنماییەکانی شارەوانیی، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر کار و کاسبی خۆیان.