کۆمپانیایەکی بەریتانیا تۆمەتبارە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق

K24 – هەولێر:

کەناڵی بی بی سی بەریتانی، کۆمپانیایەکی نەوتی وڵاتەکەی لە عێراق بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی دادەنێت، ئەوەش بەهۆی سووتانی غازی پەیوەست بە کارەکانی دەر‌هێنانی نەوت و پابەندنەبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان.

لێکۆڵینەوەکی رێکخراوی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاککردنەوەی هەوا، هۆشداریداوە، لەو مەترسیانەی کە بەسەر ژیانی عێراقییەکاندا هاتووە، لە ئەنجامی پیسبوونی ژینگەی پیشەسازی نەوت و پاشماوەی ئەو چەکانەی کە بەکارهێندراون لەشەڕی دوای داگیرکردنی عێراق.

رێکخراوی سویسری ئای کیو ئێر، نیگەرانی خۆی راگەیاندووە لە کێشەکانی پاککردنەوەی هەوا و وڵاتی عێراقی لە پلەی دووەمی پیسترین وڵاتانی جیهان داناوە، هەروەها کەناڵی بی بی سی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو هاووڵاتییانەی لە نزیک کێڵگە نەوتییەکان دەژین لە عێراق، ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن، بەهۆی سوتاندنی ئەو غازەی لە کێڵگە نەوتییەکانەوە تێکەڵی هەوا دەبێت.

لە بەدواداچوونەکەی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، ئاماژە کۆمپانیای بریتش پتڕۆلیۆمی بەریتانی کراوە کە بەهۆی کارەکانییەوە لە عێراق، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە زیادیکردووە، بەهۆی شێوازی کارکردنیان و پابەندنەبوون بە رێکارەکانی پاراستنی ژینگە.

هەروەها رێکخراوی سویسری ئای کیو ئێر، لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە داتای زیاتر لە 30 هەزار وێستگەی چاودێری کوالێتی هەوای لەخۆگرتبوو کە لە 131 وڵاتدا دابەشکرابوون، دەریدەخات رێژەی پیسبوون لە عێراق لە ماوی یەک ساڵدا دووهێندە زیادی کردووە.

هەروەها وڵاتی عێراق لە پلەی دووەمدا جێگیر بووە لە دوای وڵاتی چاد، کە رێژەی پیسبوونی بەرزی هەیە و لە رووی تەندروستییەوە زۆر لەو رێژەیەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکردووە، بە زیاتر لە 50 مایکۆگرام لە هەر مەترێکی چوارگۆشە، ئەمەش تەشەنەکردنی گەردیلە زیانبەخشەکانی بی ئێم 2.5 لە هەوای عێراقدا پشتڕاستدەکاتەوە.

 

رێکخراوەکە هۆشداریداوە، لە بڵاوبوونەوەی تەنۆلکە زیانبەخشەکان لە هەوادا و گواستنەوەیان بۆ ناو خوێن، دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیەکانی دڵ، تەنگەنەفەسی و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە، هەروەها ئەو رێکخراوە روونیکردووەتەوە، شاری بەغدا بەدەست پیسبوونی هەواوە دەناڵێنێت و ئێستا لە ریزبەندی ئەو شارانەدایە کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاری کەشوهەوایان لە جیهاندا پێگەیشتووە.