مانگی رابردوو لە هەولێر 124 حاڵەتی گەستن و پەلاماردانی سەگ تۆمارکراوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

زیادبوونی رێژەی سەگە بێلانەکان لە  شەقام و کۆڵانەکان هاووڵاتییانی نیگەران کردووە، بوونی سەگێکی زۆر لە گەڕەکەکان منداڵانی ترساندووە و ناوێرن بە بێ کەسێکی گەورە دەرگای حەوشە بکەنەوە لەبەر ئەوەی سەگەکان برسیانە و هەرکەسێک دەبینن دەچن بەرەو ڕووی و پەلاماری دەدەن.

یونس و نادیە هاوسەری یەکترن، دانیشتووی شاری هەولێرن، بە کوردستان24ـیان راگەیاند، سەرەڕای نزیکیان لە بازاڕ، لە ترسی پەلاماری سەگە بێلانەکان بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەکەن و هەروەها پاسیشیان بۆ منداڵەکەیان گرتووە بۆ هاتووچۆکردنیان، وەک خۆشیان دەڵێن: "نەک تەنیا منداڵان بەڵکو ترس گەیشتووەتە گەورەکانیش".

لە شاری هەولێر تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا 124 حاڵەتی گەستن و پەلاماردان تۆمارکراوە، هەروەها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردووشدا  13حاڵەتی تۆمارکراوە ،کە سەگی بەڕەڵا هێرشی کردۆتە سەر هاوڵاتیان و برینداری کردوون.

بە پێی ئامارەکان لە شاری هەولێر 20 هەزار سەگی بێلانە هەن، دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکانی پەلاماردانیش پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، کە بۆ چارەسەرکردن و دورخستنەوەی سەگی بێلانە لەنێو شار، نزیکەی 20 دۆنم زەوییان دابینکردووە بۆ داڵدەدانی ئەو سەگانە.