ئەنجومەنی فیدراڵی رووسیا پێشوازی لە رێککەوتنەکەی هه‌ولێر و به‌غدا دەکات

K24 - مۆسکۆ

دوای واژووکردنی رێککەوتنی ھەناردەكردنەوەی نەوت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی فیدراڵی رووسیا رایدەگەیەنێت: پێشوازی گەرم لە رێککەوتنەکە دەکەن. هەروەها سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی و پیشەسازی سوتەمەنی و وزە لە مۆسکۆ دەڵێت، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیان بە بازاری وزەی ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئەندرێی کلیمەڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی فێدراڵی رووسیا (سینات) بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاروباری نەوت و گاز لەناوخۆ و دەرەوەی رووسیاش لای ئێمە گرنگە، بێگومان کۆمپانیاکانی ئێمە دەخوازن هەلومەرجی کارکردن و ئاسایشی کارکردنیان لە دەرەوەی وڵات تا دوا ئەندازە بێ مەترسی بێت و هاوتەریب بێت لەگەڵ گەشەی بازرگانی و پێشکەوتنیاندا. ئەگەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بارودۆخی لەبارتر بۆ کارکردنی کۆمپانیا رووسییەکان فەراهەم بکات، ئەوا ئێمە پێشوازی گەرمی لێدەکەین، بێگومان ئێمە بیرۆکەی تریشمان هەیە بۆ گەشەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقدا، هیوادارم بتوانین کار لەسەر وەدیهێنانی پلان و ئامانجەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەین".

بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وڵاتانی خۆرئاوا رۆژ دوای رۆژ دووچاری کێشەی وزە دەبنەوە، بەگوتەی شارەزایەکی رووسیش، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری نەرێنی بۆ سەر کڕیار و بەکارهێنەرەکانی دروست دەکات.

ڤیچیسلاڤ میشینکە، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی شیکاری پیشەسازی سوتەمەنی و وزەی رووسیا دەڵێت: "نەوتی عێراق و کوردستان لە رووی کوالیتیەوە نەوتێکی باشە و کڕیار بۆ خۆی کێشدەکات، پاشان هەلومەرجی گواستنەوە و لۆجستی تەواو بەردەستە و وێڕای رووداوەکانی ساڵانی رابردوو ئاسان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان، هەرێم بەگشتی نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل لە شەو و رۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، چوار ملیۆنی هەناردە دەکات، ئەمە بڕێکی باشە، بەڵام لە بارێکدا هەناردە رابگیرێت لە هەرێمەوە، ئەوا بازاڕی نەوت لە ناوچەکەدا زیانی پێدەکەوێت و کاریگەری لەسەری دەبێت، ئەگەر ئەم بڕە نەچێتە بازاڕی جیهانەوە هەستی پێدەکرێت، پاشان دۆخی هەرێم و گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە تەواو رێکخراو نییە، بەڵام کوردستان و عێراق ئێستا گەشتوونە رێککەوتن و پێویستە بەپێی ئەو بۆرییە نەوتیانە کاربکەن کە ساڵانێکە بەگەڕخراون و بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا پێکەوە گرێدەدەن".

لەسەردەمی سۆڤیەتەوە کۆمپانیا رووسییەکان لە کەرتی نەوتی عێراقدا کار دەکەن، بەڵام بۆ یەکەمجار لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە، رووسیا وێڕای ئەوەی کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێری پایتەختی کوردستان کردەوە، هاوتەریب کۆمپانیاکانی گازپرۆم نەفت و رۆسنەفتیش لە کەرتی وزەی کوردستاندا دەستیان بە وەبەرهێنان کرد، ئێستا بەهۆی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ئەنجومەنی فیدراڵی رووسیا جگە لەوەی پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکات، هاوکات و دەخوازێت گەشە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بدات.