بە وێنە؛ ئاسایشی هەولێر 14 تۆمەتباری شەڕە تەقەکەی قەزای خەباتی دەستگیرکرد

وێنەی ئەو 14 تۆمەتبارەی رووداوی شەڕە تەقەکەی خەبات کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراون | وێنە: ئالان زەندی - کوردستان24
وێنەی ئەو 14 تۆمەتبارەی رووداوی شەڕە تەقەکەی خەبات کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراون | وێنە: ئالان زەندی - کوردستان24

K24 - هەولێر:

ئاسایشی هەولێر 14 تۆمەتباری شەڕە تەقەکەی قەزای خەباتی دەستگیرکرد و دەستی بەسەر ژمارەیەک چەکی قورس و مامناوەندیشدا گرت.

ئاسایشی شاری هەولێر لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا 14 کەسی بە تۆمەتی شەڕە تەقەکەی شەوی رابردووی قەزای خەباتی دەستگیرکردووە و دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆری چەکی قورس و مامناوەندیشدا گرتووە.

 

 

ئێوارەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای خەبات کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ نزیکەی کاتژمێر 07:00 بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقە لەنێوان چەند کەسێکدا دروستبوو.

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی شەڕە تەقەکەوە هاووڵاتییەکی تەمەن 27 ساڵ بەناوی (هەرێم محەممەد کەریم) گیانی لەدەستداوە.

 

 

قائیمقامی قەزای خەبات گوتیشی، شەڕە تەقەکی وەستێندراوە، هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هۆکاری روودانی شەڕە تەقەکە بۆ مامەڵەیەکی دارایی تایبەت بە مۆبایل لەنێوان چەند گەنجێکدا دەگەڕێتەوە. نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەمەقاڵە لەنێوانیاندا دروستبووە و ئێوارەکەی لەکاتی بانگکردنەوە، دووبارە هەمان ئەو کەسانە رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و بەهۆیەوە ئەو گەنجە 27 ساڵییە کوژراوە.