نووری مالیکی: عێراق سەقامگیر نابێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەرەوپێشوەچوونێکی باش لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، جەختیش دەکاتەوە، "عێراق سەقامگیر نابێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت".

ئەمڕۆ شەممە 8ـی نیسانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لە شاری بەغدا، دواتر لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

مالیکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووە.

بەگوتەی نووری مالیکی، بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق سەقامگیر نابێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت و دەڵێت، لەسەر ئەو پرسە گەلەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوڕا و هاوهەڵوێست بوون.

مالیکی گوتیشی، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تاوتوێی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کردووە و دەڵێت، بەرەوپێشچوونێکی باش لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و داواشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بکات.