نێچیرڤان بارزانی: داوا لە موقتەدا سەدر دەكەم گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەستپێبکات

نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە موقتەدا سەدر دەکات، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەستپێبکات لەگەڵ هەموو لایەن و سەرکردەکان، لەپێناو چەسپاندنی سیستمی سیاسی لە عێراق و بەهێزکردنی بزووتنەوەی چاکسازی و چارەسەری عێراقیانە لە ناوخۆی وڵاتدا.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا بەشداریی رێوڕەسمی چل و سێیەمین ساڵیادی شەهیدكردنی سه‌يد محەمەد باقر سەدر كرد و لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمڕۆ هەموومان لەم رێوڕەسمەدا پێکەوە یادی تاوانێکی گەورەی رژێمی پێشووی بەعس دەکەینەوە بەرامبەر رابەرێکی گەورەی مقاوەمە و زانایەکی گەورەی جیهانی ئیسلامی کە ئەویش شەهید سەید محەممەد باقر سەدرە، هەروەها بەرامبەر خوشکەکەی، شەهید ئامینە سەدر کە بە بنت الهدى بەناوبانگە".

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرامبەر شەهادەتی ئیمامی شەهید محەممەد باقر سەدر، بە ئامادەبووانی رێورەسمەکە و حزبی دەعوە و هەموو بنەماڵەی سەدر و گەلی عێراق گەیاند.

لە گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێـمی کوردستان گوتی، "شەهید محەممەد باقر سەدرەوە، دژی حزبی بەعس بوو، نەیدەهێشت خەڵک ببێتە بەعسی، چونکە ڕژێمی بەعس ببووە چەوسێنەری خەڵک و ببووە مایەی شەڕ و نەهامەتی بۆ گەلی عێراق. لەبەرئەوەش بنچینەی حەرەکەیی و فکرییەکانی بزووتنەوەی مقاوەمە و بزووتنەوەی سیاسيی شیعەی لە عێراق دانا".

هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "پەیوەندیی دێرین و بەهێز هەبوو لەنێوان بنەماڵەی بارزانی و مەرجەعیەتدا، هەروەها لەنێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کوردستان و نەجەف. خوالێخۆشبوو باوکم ئیدریس بارزانی، بە فەرمانی سەرۆکی شۆڕشی کوردستان مەلا مستەفای بارزانی خوا لێی خۆش بێت، سەرەدانی مەرجەعی گەورە سەید موحسین حەکیمی کردووە لە نەجەف".

زیاتر گوتی، "سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیوەنديی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ مەرجەعیەت لە نەجەف. لە ئەنجامی ئاگاداربوونی خوالێخۆشبوو سەید موحسین حەکیم لەو زوڵمەی كە لە کورد دەکرا، سەید موحسین فەتوای حەرامکردنی شەڕی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی دەرکرد".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چەند هەڵوێستێکی سەید محەممەد باقر سەدر و رایگەیاند، "دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لەنێوان ڕژێم و شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی 1974، سەید محەممەد باقر سەدر لە وەڵامی پرسیاری گەنجێکدا بە ناوی (کازم جه‌ودە) سەبارەت بەوەی ئایا جائیزە بچنە شەڕی کورد، ئیمامی شەهید لە وەڵامدا پێیگوتبوو: نابێ، چونکە موسڵمانن".

هەروەها گوتی، "ساڵی 1969 ژمارەیەک قوتابيی کورد لەلایەن مەلا مستەفای بارزانييه‌وه‌ نێردران بۆ كەربەلا و نەجەف بۆ چلەی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێ بێت). د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە، کە ئێستا لێرە دانیشتووە، یەکێک لەو قوتابیانە بوو. دوای خوێندنەوەی وتاری بارزانی لەلایەن یەکێک لەو قوتابیانه‌وە، سەید محەممەد مەهدی ئه‌لحەکیم بە قوتابیانی گوت “ئێوەش ڕۆڵەی حسێنن، چونکە ئێوەش وەک ئێمە زوڵمتان لێدەکرێت و مقاوەمە دەکەن”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی دەعوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "حزبی دەعوە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دوو کۆڵەگەی سەرەکيی خەبات بوون دژی ستەم و زۆرداری. هاوخەباتی و پێکەوەکارکردنێکی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو. زۆر جار پێشمەرگە و جەنگاوەران و ئەندامانی هەردوولا لە یەک ناوچە و له‌ يه‌ك شوێندا پێکەوە بوون. لە زیندانەکانی ڕژێمی پێشوودا پێکەوە بوون".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی، "ئەو دوو حزبە سەرەکییە، دەبێت پەیوەندییەکی زۆر باشتر، دروست بکەنەوە. بە هەمان شێوە دەبێ پەیوەنديی حزبی دەعوە لەگەڵ هەموو حیزبەكانی کوردستاندا بەهێز بێت، چونکە حزبی دەعوە زۆر زیاتر ئاگاداری ئەو ستەمەیە کە لە گەلی کوردستان کراوە".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی داوای لە لە ئەمیندار و سەرکردەکانی حزبی دەعوە کرد، پێکەوە رۆڵێکی کاریگەر بگێڕین لە راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، لەپێناو بەهێزکردنی متمانەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی و چەسپاندنی فیدراڵی لە عێراقدا، هەروەک دەستووری عێراق داوای دەکات.