بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە، 20 کۆچبەری ئەفریقی بێ سەروشوێنن

به‌له‌مێكی نقوومبوو
به‌له‌مێكی نقوومبوو

K24 – هەولێر:

فەوزی مەسعودی، گوتەبێژی دادگای شاری سفاقس لە تونس رایگەیاند، بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە لە کەنار ئاوەکانی تونس، 20 کۆچبەری ئەفریقی بێ سەروشوێنن و 17 کۆچبەریش رزگارکراون.

گوتەبێژەکەی دادگا راشیگەیاند، 37 کۆچبەرەکە ویستوویانە لە ئەفریقاوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ بکەن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانەوە بەلەمەکەیان نوقم بووە.

بەگوێرەی ئامارەکان لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵيەوە، ئەمە شەشەمین بەلەمی کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی تونس نوقم دەبێت، کە بەهۆیەوە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێ سەروشوێن بوونە.

لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، 14 هەزار کۆچبەر لە رێگەی تونسەوە هەوڵی پەڕینەوەیان بەرەو ئەوروپاداوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022 پێنج هێندە زیادی کردووە.