هەزاران پزیشک لە بەریتانیا مان دەگرن

گیانی نیو ملیۆن نەخۆش دەکەوێتە مەترسییەوە

K24 - هەولێر

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو هەزاران پزیشک لە بەریتانیا مانگرتن رابگەیەنن، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی بەڕێوەچوونی نەخۆشخانە و نۆرینگە پزیشکییەکان لەو وڵاتە.

لەمبارەیەوە لەیلا ماکای، بەڕێوەبەری پلان و سیاسەتە گشتییەکان لە سەندیکای خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی (National Health Service) رایگەیاندووە، هەزاران پزیشک لە بەریتانیا ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ماوەی چوار رۆژ مان لە کار و ئەرکەکانیان بگرن، بەم هەنگاوەیش زیانێکی زۆر بەر کەرتی تەندروستی دەکەوێت بەتایبەت زیانەکە سەلامەتی هەزاران نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.

لەیلا ماکای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی چوار رۆژی ماکگرتنە چاوەڕوانکراوەکەدا پێشبینی دەکرێت، نزیکەی 250 هەزار نەشتەرگەری و سەردانی پزیشکی لە سەرتاسەری بەریتانیا هەڵبوەشێتەوە، کە ئەم رێژەیە زۆر زیاترە لە مانگرتنە سێ ڕۆژییەکەی مانگی رابردوو، کە بووە هۆی دواخستنی 175 نەشتەرگەری و سەردانی پزیشکی.

بەگوێرەی بەڕێوەبەری پلان و سیاسەتە گشتییەکان لە سەندیکای خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی، مانگرتنە چاوەڕوانکراوەکە لەلایەن پزیشکە تازە دەرچووەکانەوە ئامادەکاری بۆ کراوە و پلانی بۆ دانراوە، کە داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن بەهۆی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی تێکڕای هەڵاوسان بە رێژەی %10 لە بەریتانیا.