ئەلمۆنیتەر: لە دژەتیرۆری یەکێتییەوە زانیاری لەبارەی مەزڵوم عەبدی دراوەتە ئەنقەرە

مەزڵوم کۆبانێ
مەزڵوم کۆبانێ

K24 - هەولێر:

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە گریمانەی ئەوە دەکرێت لە دژەتیرۆری یەکێتییەوە زانیاری لەبارەی مەزڵوم عەبدی درابێت بە ئەنقەرە.

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی راپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، سەرچاوەیەک کە پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان هەیە و نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، ژمارەیەک بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتی، زانیاریان لەبارەی شوێن و جموجۆلی مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بە ئەنقەرە داوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەپەیامێکدا پشتڕاستیکردەوە کە لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا لە سلێمانی بووە و هەوڵی بەئامانجگرتنی دراوە.

چی روویدا؟

رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.

دواتر لە راگەیەندراوێکدا، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، مەزڵوم عەبدی ئامادەبووە و دوای رووداوەکەش بە سەلامەتی گەیشتووەتەوە ناوچەکانی باکوور و رۆژەهەڵاتی سووریا.

دواتریش مەزڵوم عەبدی لەو بارەیەوە لە تویتێکدا رایگەیاندبوو: بە توندی سەركۆنەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەین لەلایەن توركیاوە، ئەم پێشێلكارییانە لە عێراق و سوریا بەردەوامن و رەهەندی مەترسیداریان دژی ناوچەكە هەیە.