ئێران کامێرای زیرەک بۆ دەستنیشانکردنی ئافرەتانی ناباڵاپۆش بەکاردەهێنێ
K24 - هەولێر
پۆلیسی ئێران رایدەگەیەنێت دەسەڵاتدارانی حکومەت بە نیازن "کامێرای زیرەک" لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان دابنێن بۆ دەسنیشانکردن و وێنەگرتنی ئەو ئافرەتانەی پابەندنین بە باڵاپۆشییەوە.
پۆلیسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی دەسەڵاتدارانی حکومەت بۆ وەستانەوەیە بە رووی رەتکردنەوەی یاسای باڵاپۆشی وڵات، کە دەیانەوێ لەو رێیەوە "وێنا و رووخساری رووحییانەی وڵات بشێوێنن و پشێوی و ناسەقامگیری ئاسایشی بهێننە ئاراوە".
راگەیەنراوەکەی پۆلیسی ئێران هەروەها داوا لە خاوەنی کۆمپانیا و چالاکییە بازرگانییەکان دەکات بە جیددی رەچاوی نەریتەکانی کۆمەڵگە بکەن لە کاتی کارەکانیاندا.
بەپێی راڤەی شەریعەتی ئیسلام کە لەوەتەی ساڵی 1979ـوە لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت، باڵاپۆشی بەسەر ئافرەتانی ئێرانیدا سەپێنراوە.