سعوودیە 13 چەکداری حووسی ئازاد کرد

ئاڵای سعودییە
ئاڵای سعودییە

K24 - هەولێر:

بە پشتبەستن بە رێککەوتنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، سعوودیە 13 چەکداری حووسی ئازاد کرد. 

عەبدولقار مورتەزا، بەرپرسی حوسییەکان لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادکردنی 887 دیل، سعودیە 13 زیندانی حووسی ئازادکردوون و گەیشتوونەتەوە سەنعای پایتەختی یەمەن.

عەبدولقار مورتەزا ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج شەممەی داهاتوو رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.

مورتەزا روونیشیکردەوە، ئازادکردنی ئەو زیندانییانە بەرانبەر بە ئازادکردنی زیندانییەکی سعوودی بووە، کە لە ماوەی رابردوو ئازادکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی سعودییە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە یەمەنن، بەڵام تا ئێستا سعوودیە هیچ راگەیەندراوێکی سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕی زیندانییانە بڵاو نەکردووەتەوە.

ئاڵوگۆرکردنی دیلەکان بە نێوەندگیری عومان بووە، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان چەکدارانی حووسی سەر بە ئێران و سعودییە دەدات.