سەرۆکوەزیرانی لوبنان: ئەوانەی مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەر بە هێزە لوبنانییەکان نەبوون
K24 - هەولێر:
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئاشکرای کرد، ئەو هێرشەی شەشی نیسان لە باشووری لوبنانەوە کرایە سەر ئیسرائیل "لەلایەن هێزە لوبنانییەکانەوە" ئەنجامنەدراوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی "NNA"ی لوبنانی، میقاتی دەربارەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی سوپای لوبنان لە "هێرشەکانی سەر ئیسرائیل" دواوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، بەهۆی ئەو مووشەکانەی لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و ئیسرائیلیش وەڵامیداونەتەوە، "ئاڵۆزییەکی سەربازی زۆر" لەسەر سنوور دروست بووە و لە یەکەمین کاتژمێرەکاندا خوودی خۆی پەیوەندی بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە، گوتیشی: "ئەو لێدوانانەی کە باس لەوە دەکەن حکومەت بوونی نییە یان بەبێدەسەڵاتانە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکە دەکات، تەنها کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی ناو راگەیاندنەکانن".
میقاتی دەربارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند "ئەوانەی مووشەکەکانیان ئاراستە کردووە لایەنێکی رێکخراو نین و سەر بە لایەنە لوبنانییەکان نین. هۆکاری ئەم هێرشانەش ئەوەیە کە بوون بە وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی ئیسرائیل کردووەیەتییە سەر فەلەستین و کەرتی غەززە".
پۆلیسی ئیسرائیل له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه‌وه دوو شه‌و له‌سه‌ریه‌ک به‌ره‌نگاری موسڵمانانی نێو مزگه‌وتی ئه‌قسا ببووەوه، ئه‌مه‌ش بووە هۆی هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له رۆرهه‌ڵاتی قودس و زنجیره‌یه‌ك رووداوی به‌دوادا هات.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زنجیرەیەک مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کران.
هاوکات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل بڵاویكردەوه له هێرشه‌كه‌دا 34 مووشه‌ک ئاراستەکراون. هه‌ر ئێواره‌ی ئەو رۆژەش سوپای ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه له لوبنانه‌وه سێ هاوه‌ن ئاراسته‌ی باكووری ئیسرائیل كراوه.
لە راگەیەندراوێكدا کە لەلایه‌ن ئەستێرەی سووری داوودەوە بڵاوکرابوویه‌وە، ئاماژە بەوە کرابوو، لەدوای رووداوەکەوه تیمە تەندروستییەکان کەوتوونەتە ئامادەباشیی ته‌واوه‌تییه‌وه و هاوکاری ئەو کەسانەیان کردووە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل بزووتنەوەی حه‌ماسی فەڵەستین و حکومەتی لوبنانی به به‌رپرسیار له هێرشه‌كان كه به زنجیره مووشه‌كێك له لوبنانه‌وه ئه‌نجامدرابوون، له قه‌ڵه‌مدا.
دواتر لە حەوتی نیساندا، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر باشووری لوبنان و کەرتی غەززە.