سەرمایەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە

وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان
وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرمایەی وەبەرهێنانی بیانی گەیشتووەتە سەرووی 10 ملیار دۆلار لە کۆی 45 پرۆژە کە لەلایەن 16 وڵاتی جیاوازەوە لەوەتی ساڵی 2006 لە هەرێمی کوردستان بەگەڕخراوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەساڵی 2006ـوە مۆڵەتی بە زیاتر لە هەزار و 110 پرۆژە داوە بەبەهای زیاتر لە 66 ملیار و 529 ملیۆن دۆلار، لە کۆی ئەو پرۆژانەش 45 پرۆژە، وەبەرهێنەرەکانیان بیانین و لە 16 وڵاتی جیاوازەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە  10 ملیار و 58 ملیۆن دۆلار پڕۆژەیان ئەنجامداوە کە دەکاتە 15.12%ـی کۆی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، هەروەها 29 پرۆژەی هاوبەش هەیە لە نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی کە سەرمایە ئەم پرۆژانەش زیاترە لە ملیارێک و 684  ملیۆن دۆلار کە دەکاتە 2.53٪ـی کۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

ئامارەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەوە دەخەنەڕوو، قەبارەی سەرمایەی بیانی بەشێوەیەکی بەرچاو لەم ساڵانەی دواییدا زیادیکردووە، بەجۆرێک تەنیا لە ساڵی 2021ـدا، قەبارەی سەرمایەی پرۆژە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان دوو هێندەی پێشتر زیادیکردووە.