زانا مه‌لا خالید: ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، كاتێك یه‌كێتی واز له‌ پێكهاته‌كان بهێنێت

زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هەولێر:

یۆنامی دوو پێشنیازیان بۆ بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پارتی و یه‌كێتی ناردووە، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، كاتێك یه‌كێتی واز له‌ پێكهاته‌كان بهێنێت. ده‌شڵێت: تاكه‌ رای پارتی بۆ كورسی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خۆیان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن بده‌ن.

له‌میانه‌ی به‌شداریكردنییان له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه‌ ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، زانا مه‌لا خالید سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، یۆنامی به‌ پارتی و یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌، به‌شێك له‌ پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشنیازییان كردووه‌، كو‌رسی كۆتا بۆ پارێزگای سلێمانی دیاریبكرێت، به‌شێكی دیكه‌ پێیان وابووه‌ سیسته‌می یه‌ك بازنه‌یی پێڕه‌و بكرێت.

زانا مه‌لا خالید هه‌روه‌ها گوتی: "تاكه‌ رای پارتی بۆ كورسی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ خۆیان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بده‌ن، ئه‌وان چیان پێ باش بێت، ئێمه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین، ئه‌و وه‌ڵامه‌شمان داوه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان".

ده‌شڵێت: "له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیشدا هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌ یه‌ك بازنه‌".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌شڵێت: "پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆیان شێوازی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، كاتێك یه‌كێتی واز له‌ پێكهاته‌كان بهێنێت، خۆیان بڕیاربده‌ن، یه‌كێتی ویستی خۆی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان نه‌سه‌پێنێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، یه‌كێتی داوا ده‌كات چوار كورسی پێكهاته‌كان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت، كه‌ ناكرێت مافی ئه‌و دابه‌شكارییه‌ به‌خۆمان بده‌ین".

زانا مه‌لا خالید دووپاتیكرده‌وه‌، كورسی كۆتاكان مافی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، مافی ئێمه‌ و براده‌رانی یه‌كێتیش نییه‌، ئه‌وان مافی خۆیانه‌ بڕیار له‌ شێوازی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌  بده‌ن.