مه‌لا به‌ختيار: يه‌ك حزب نه‌يوتووه‌ كاك مه‌سعودمان قبوڵ نييه‌

مه‌لا به‌ختيار له‌ كۆڕێكدا كه‌ تايبه‌ت به‌ ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان سازيكرد، ئاشكرايكرد، تا ئێستا هيچ لايه‌نێكى سياسيى نه‌يوتووه‌، كاك مه‌سعوودمان به‌ سه‌رۆك قبوڵ نييه‌.

K24 – هه‌ولێر:

كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، مه‌لا به‌ختيار له‌ كۆڕێكدا كه‌ تايبه‌ت به‌ ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان سازيكرد، ئاشكرايكرد، تا ئێستا هيچ لايه‌نێكى سياسيى نه‌يوتووه‌، كاك مه‌سعوودمان به‌ سه‌رۆك قبوڵ نييه‌.

مه‌لا به‌ختيار له‌ ميانى خستنه‌ڕووى ره‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان هۆشداريدا له‌ باره‌ى ئه‌و مه‌ترسييانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێم ده‌بنه‌وه‌، رايگه‌ياند، هاوكێشه‌ و سيناريۆ نوێيه‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد نيين و ماقوڵ نييه‌ تا ئێستا لايه‌نه‌كان ناوماڵى كورديان يه‌كنه‌خستووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر لايه‌ك له‌گه‌ڵ لايه‌كى ديكه‌دا ناكۆكى هه‌يه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مه‌لا به‌ختيار باسى له‌وه‌ كرد، كاتێك يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وت بۆ درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌رۆكايه‌تى، هه‌مووان ره‌خنه‌يان له‌ يه‌كێتى گرتووه‌، به‌ڵام تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ هيچ يه‌ك له‌ لايه‌نه‌كان به‌ يه‌كێتى و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و يه‌كگرتووه‌وه‌ نه‌يانوتووه‌ كاك مه‌سعوودمان قبوڵ نييه‌ وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم.

مه‌لا به‌ختيار پرسيارى ئه‌وه‌شى كرد، مادام دژى نيين و كانديدتان نييه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌ى به‌ته‌ماى چين و بۆچى نايه‌ن له‌ باره‌يه‌وه‌ رێكبكه‌ون.