بە ڤیدیۆ؛ تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل لە دوبەی بە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل لە دوبەی بە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا
تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل لە دوبەی بە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

K24 - هەولێر:

لە دوبەی تابلۆیەکی ژمارەی ئۆتۆمبێل بە پارەیەکی خەیاڵی فرۆشرا، کە 15 ملیۆن دۆلاربوو. رێکخەرانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ دەڵێن تەواوی داهاتی تابلۆیەکە بۆ هەڵمەتێکی خێرخوازی بۆ دابینکردنی یەک ملیار ژەمە خۆراک و کەمکردنەوەی برسێتی لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت.

ساڵانە پارەدارەکانی ئیمارات بە گشتی و دوبەی بە تایبەتی، لە سەنتەرێکی بەناوبانگی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە و تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل بە پارەیەکی خەیاڵی بۆ پرۆژەیەکی خێرخوازی دەفرۆشرێت.

ئەمساڵ و لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، تابلۆی ژمارە حەوتی ئۆتۆمبێل، بە 55 ملیۆن درهەم، کە دەکاتە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

عەبدوللە ئەلمەناعی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرانی زیادکردنی ئاشکرای ئیمارات لەوبارەوە گوتی:  "زیادکردنەکەی ئەمجارە بۆ فرۆشتنی تابلۆی ژمارە 7 بە 55 ملیۆن درهەم  ریکۆردێکی نوێ بوو. هەموو داهاتی زیادکردنەکەش دەدرێت بە هەڵمەتی بەخشینی یەک ملیار ژەمە خۆراک."

ئامانج لەم زیادکردنی ئاشکرایە کەمکردنەوەی برسێتی و دابینکردنی خۆراکە بۆ ئەو وڵاتانەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

سارا ئەلنوعيیمی، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری جیهانی موحەمەد بن رەشید دەڵێت: "ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکانی پێشووی خۆراکییە. ئامانج لێی دروستکردنی پاڵپشتییەکی دارایی خێرخوازییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ برسێتی لە جیهان".

فرۆشتنی تابلۆی ژمارە حەوت ریکۆردی پێشووتری شکاند، کە 52.2 ملیۆن درهەم بوو کە تابلۆی ژمارە یەک بوو لە ساڵی 2008. کۆی گشتی داهاتی تەواوی مەراسیمی زیادکردنەکە 100 ملیۆن درهەم بوو، کە دەکاتە 27 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و هەموو داهاتەکەشی بۆ کاری خێرخوازی دابیندەکرێت.